موحسین رەزایی: چیتر دانبەخۆداناگرین

کۆماری ئیسلامی ئێران کۆتاییهاتنی قۆناخی "دانبەخۆداگرتنی ستراتیژی" و گرتنەبەری سیاسەتێکی نوێی بەرامبەر ئەمریکا راگەیاند.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7ـی ئایاری 2026، موحسین رەزایی، راوێژکاری رێبەری باڵای ئێران لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، وڵاتەکەی لاپەڕەیەکی نوێی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و ململانێ ناوچەییەکاندا هەڵداوەتەوە، رەزایی گوتی: "ئێران هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ ئەو هاوکێشانەی پێش جەنگە 12 رۆژەکەی ساڵی رابردوو هەبوون".

سەبارەت بە دۆخی گەرووی هورمز، رەزایی واشنتنی تۆمەتبار کرد بەوەی دەیەوێت لە رێگەی سیناریۆی نمایشکاری و پروپاگەندەوە، رێگە بۆ کشانەوەی لە ناوچەکە خۆش بکات، راوێژکارەکەی رێبەری ئێران دووپاتی کردەوە، وڵاتەکەی رێگە نادات ئەم پلانانە جێبەجێ ببن و چیتر رێگە نادەن هەڵەکانی رابردوو دووبارە ببنەوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ڕەزایی تیشکی خستە سەر پرسی قەرەبووکردنەوەی زیانەکان و جەختی کردەوە، ئەمریکا بەرپرسە لە هەموو ئەو زیانانەی بە ئێرانی گەیاندووە و دەشڵێت، "تاران بەبێ هیچ سازش و پاشەکشەیەک، سەرجەم مافە یاسایی و قەرەبووە داراییەکانی خۆی لە ئەمریکا وەردەگرێتەوە."

موحسین رەزایی رایگەیاند، ئەمریکا بەرەو داڕمان و تێکشکانی حەتمی هەنگاو دەنێت، ئەو پێی وایە تەنیا بە نەمانی دەستێوەردانەکانی ئەمریکا، ئاشتی و ئاسایشی هەمیشەیی بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگەڕێتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان گوتی: گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران زۆر گونجاوە و راشیگەیاند، "لە 24 کاتژمێری رابردوودا گفتوگۆی زۆر باشمان ئەنجامداوە، ئەگەری زۆرە بگەینە رێککەوتن."

هەروەها ترەمپ لە پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" نووسویەتی "ئەگەر ئێران لەسەر ئەوەی رێککەوتنی لەسەر کراوە کۆک بێت، ئەوا پرۆسەی (تووڕەیی داستان ئاسا ) کۆتایی دێت. بەڵام ئەگەر رازی نەبن، بۆردوومان دەستپێدەکات و بەداخەوە ئاستی هێرشەکان زۆر توندتر و بەهێزتر دەبن لەوەی پێشتر بینراوە."