وردەکاریی نوێ لە بارەی پێشنیازەکەی ئەمریکا بۆ ئێران ئاشکرا دەبێت

 لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرێت تاران وەڵامی فەرمی خۆی لەسەر پێشنیازەکەی ئەمریکا بۆ راگرتنی جەنگ بداتەوە، سەرچاوە ئاگادارەکان ئاشکرایان کردووە، کە هەردوو وڵات لە واژۆکردنی رێککەوتنێکی کاتی و سنووردار نزیک بوونەتەوە، کە ئامانج لێی راگرتنی جەنگ و کردنەوەی دەرگایەکی 30 رۆژەیە بۆ دانوستانی فراوانتر، هەرچەندە پرسە هەستیارەکان هێشتا بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7ـی ئایاری 2026، بەرپرسان و سەرچاوە ئاگادارەکان، لە بارەی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران و پرسی ئەگەری رێککەوتنی نێوان تاران و واشنتن، بۆ میدیاکان ئاشکرایان کرد، هەردوو وڵات لە رێگەی رەشنووسێکەوە کە دەبێتە هۆی وەستاندنی جەنگ، نزیکن لە گەیشتن بە رێککەوتنێکی سنووردار و کاتی.

بەڵام بە پێی هەواڵیکی ئاژانسی رۆیتەرز، کە لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارە بڵاوی کردووەتەوە، "پرسە زۆر ناکۆکەکان هێشتا بەبێ چارەسەر ماونەتەوە". 

هەروەها روونیان کردووەتەوە کە پلانە نوێیەکە لەبری رێککەوتنێکی ئاشتیی گشتگیر، پشتی بە یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی کورتخایەن بەستووە، ئەمەش قووڵیی ناکۆکییەکانی نێوان هەردوولا دەردەخات و ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە لەم قۆناغەدا هەر رێککەوتنێک بکرێت، کاتی دەبێت.

لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسان و سەرچاوەکان باسیان لەوە کردووە، کە هەردوو وڵات کار بۆ گەیشتن بە رێکخستنێکی کاتی دەکەن کە رێگری لە گەڕانەوەی ململانێکان بکات و سەقامگیریی کەشتیوانی بەناو گەرووی هورمزدا دەستەبەر بکات.

 لەم بارەیەوە بەرپرسێکی پاکستانی کە بەشدارە لە هەوڵەکانی نێوەندگیریی نێوان هەردوو لایەن، بە رۆیتەرزی راگەیاند: "لە پێشینەی کارەکانمان ئەوەیە کە کۆتاییهێنانێکی هەمیشەیی بۆ جەنگ رابگەیەنن، دواتر دەکرێت پرسەکانی دیکە تاوتوێ بکرێن هەرکە گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستانە راستەوخۆکان".

هاوکات، سەرچاوەیەکی پاکستانی و سەرچاوەیەکی دیکەی ئاگادار لە پرۆسەی نێوەندگیرییەکە ئاشکرایان کرد، کە هەردوو لایەن نزیکن لە رێککەوتن لەسەر یاداشتێکی یەک لاپەڕەیی کە بە شێوەیەکی فەرمی کۆتایی بە ململانێکان دەهێنێت.

سەرەڕای ئەمانە، سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە داوە کە چوارچێوەی کاری پێشنیازکراو لە سێ قۆناغدا جێبەجێ دەکرێت، ئەوانیش بریتین لە: کۆتاییهێنانی فەرمی بە جەنگ، چارەکردنی قەیرانی گەرووی هورمز و کردنەوەی، هەروەها پێدانی دەرفەتێک بە ماوەی 30 رۆژ بۆ دانوستانکردن لەسەر رێککەوتنێکی فراوانتر.

هەروەها سەرچاوەکان پێیان وایە کە پێشنیازەکە بە شێوەیەکی فەرمی کۆتایی بە جەنگ دەهێنێت، بەڵام داواکارییە سەرەکییەکانی ئەمریکا، کە خۆیان لە راگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەبیننەوە، بەبێ چارە دەهێڵێتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەوەشی خستەڕوو کە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لەگەڵ جارید کوشنەر، سەرپەرشتیی دانوستانەکانی ئەمریکا دەکەن.

هەمان سەرچاوە رایگەیاند: کە ئەگەر هەردوو لایەن لەسەر رێککەوتنە سەرەتاییەکە رازی ببن، ئەوا دانوستانی ورد و چڕ بۆ ماوەی 30 رۆژ دەست پێدەکات بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر.

لە کاتێکدا سەرچاوەکان روونیان کردووەتەوە، کە سەرەتا یاداشتەکە داوای سازش لە هیچ کام لە لایەنەکان ناکات، بەڵام تیشکیان نەخستووەتە سەر کۆمەڵێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی پێشووی واشنتن کە ئێران رەتی کردوونەتەوە، وەک سەپاندنی کۆتوبەند بەسەر بەرنامە مووشەکییەکەی ئێران، راگرتنی پشتگیرییەکانی تاران بۆ گرووپ و میلیشیا چەکدارەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

هەروەها سەرچاوەکان هیچ ئاماژەیەکیان بە یەدەگی ئێستای یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران نەکردووە، کە ڕێژەکەی نزیکە لەو ئاستەی بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی پێویستە و قەبارەکەی بە زیاتر لە 400 کیلۆگرام دەخەمڵێندرێت.

 

ترەمپ گەشبینە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کە چەندین جار بانگەشەی بۆ ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگە کردووە کە لە 28ـی شوبات هەڵگیرساوە، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە زۆر گەشبین دەرکەوت و لە نووسینگەیەوە بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: "لە 24 کاتژمێری رابردوودا گفتوگۆی زۆر باشمان ئەنجامداوە و زۆر پێدەچێت بگەینە رێککەوتن". دواتر جەختی لەوە کردەوە کە بابەتەکە "بە خێرایی کۆتایی دێت".

لە بەرامبەردا، پێدەچێت محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، بە گومانەوە بڕوانێتە ئەو راپۆرتانەی باس لەوە دەکەن کە هەردوو لایەن لە لێواری گەیشتن بە رێککەوتندان؛ ئەو ڕۆژی چوارشەممە لە پلاتفۆرمی "ئێکس" بە زمانی ئینگلیزی نووسی: "پرۆسەی (بڕوام پێ بکە براکەم) شکستی هێنا".

قالیباف گوتوبووی: "بە پێی گوزارشتی ئەو، ئەم جۆرە راپۆرتانە تەنیا چەواشەکارییەکن لە لایەن ئەمریکاوە دوای ئەوەی لە کردنەوەی گەرووی هورمز بە رووی کەشتیوانیدا شکستی هێنا."

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رایگەیاند: کە وڵاتەکەی لە کاتی گونجاودا وەڵامی پێشنیازەکەی ئەمریکا دەداتەوە.