ژمارەیەک عێراقی بە تۆمەتی هاوکاریکردنی ئێران خرانە لیستی سزاکانی ئەمریکاوە

لە چوارچێوەی چڕکردنەوەی فشارەکانیدا بۆ سەر تاران، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا پاکێجێکی نوێی سزاکانی بەسەر تۆڕێکی ئاڵۆزی قاچاخچێتیی نەوت و پاڵپشتیکردنی تیرۆردا لە عێراق سەپاند. سزاکان هەریەک لە عەلی مەعاریج بەهادلی، جێگری وەزیری نەوتی عێراق و سێ سەرکردەی باڵای میلیشیاکانی (عەسائیب ئەهلی حەق) و (کەتائیب سەیدولشوهەدا) دەگرێتەوە، کە بە بەکارهێنانی پۆست و هەژموونیان، سامانی نەوتی عێراقیان بۆ خزمەتی بەرژەوەندییەکانی ئێران بەکار هێناوە.

پێنجشەممە، 7ـی ئایاری 2026،  نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی وڵاتانی بیانیی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، پاکێجێکی نوێی سزای ئابووریی بەسەر ژمارەیەک بەرپرسی حکوومیی عێراق و سەرکردەی میلیشیا چەکدارەکاندا سەپاند، بە تۆمەتی قۆستنەوەی کەرتی نەوتی عێراق و تێکدانی سەقامگیریی وڵاتەکە.

لە راگەیەنراوەکەی وەزارەتی گەنجیەنەدا هاتووە، لە دیارترین ئەو کەسایەتییانەی کە سزاکان دەیانگرێتەوە، (عەلی مەعاریج بەهادلی)، جێگری وەزیری نەوتی عێراقە، کە پێگەی حکوومیی خۆی بەکارهێناوە بۆ ئاسانکاریکردن لە بەقاچاخبردنی نەوتی عێراق، بە ئامانجی دابینکردنی داهات بۆ ئێران و میلیشیاکانی لە ناوخۆی عێراقدا.

وەزارەتەکە دەڵێت: هەروەها سزاکان سێ سەرکردەی باڵای هەردوو گرووپی چەکداریی (عەسائیب ئەهلی حەق) و (کەتائیب سەیدولشوهەدا) دەگرێتەوە.

لای خۆیەوە سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند: "ئێران ئەو سامانانە تاڵان دەکات کە مافی رەوای گەلی عێراقن."

هاوکات هۆشداریشی دا کە: "وەزارەتی گەنجینە دەستەوەسان ناوەستێت لە کاتێکدا سوپای ئێران کەرتی نەوتی عێراق بۆ پشتیوانیکردنی دارایی تیرۆر دژی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانمان دەقۆزێتەوە."

بە پێی زانیارییەکانی وەزارەتەکە: "عەلی مەعاریج بەهادلی، جێگری وەزیری نەوتی عێراق، لە ساڵی 2018ـەوە لە چەندین پۆستی هەستیاردا (وەک سەرۆکی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمان، سەرۆکی فەرمانگەی مۆڵەتدان و تەنانەت وەزیری نەوت بە وەکالەت) کاری کردووە بۆ بەرژەوەندیی (سەلیم ئەحمەد سەعید)، کە قاچاخچییەکی ناسراوی نەوتە و سەر بە ئێرانە."

وەزارەتەکە جەختی لەوە کردەوە، مەعاریج تۆمەتبارە بە دەرکردنی بەڵگەنامەی ساختە و پێدانی مۆڵەتی هەناردەکردن بە کۆمپانیاکانی سەعید، لەوانە کۆمپانیای (VS Oil)، کە رۆژانە بەهای چەندین ملیۆن دۆلار نەوتیان لە کێڵگەی گەیارەوە دەگواستەوە بۆ خور زوبێر. لەوێ نەوتی ئێرانی بە ناوی نەوتی عێراقییەوە دەفرۆشرا بە بازاڕەکانی جیهان، ئەمەش لە بەرامبەر پێدانی بەرتیل و پشتیوانیی سیاسی.

 

قۆستنەوەی کەرتی نەوت لە لایەن میلیشیاکانەوە

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئاشکرای کرد، سزاکان هەروەها (مستەفا هاشم لازم بەهادلی)، ناسراو بە (سەید عەون)، کە بەرپرسێکی باڵای دارایی (عەسائیب ئەهلی حەق)ە، گرتووەتەوە. کە لە دوای ساڵی 2011ـەوە سیستەمێکی ئاڵۆزی بۆ قاچاخچێتیی نەوت و کۆنتڕۆڵکردنی پیشەسازیی کانزاکان لە باشووری عێراق بونیاد ناوە.

گەنجینەی ئەمریکا ئەوەی خستە روو، سەید عەون گرێبەستە حکوومییەکانی بۆ پەیداکردنی داهات بۆ میلیشیاکە بەکار هێناوە، لەگەڵ هەبوونی پەیوەندیی راستەوخۆ بە فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە. بەو هۆیەوە، هەر چوار کۆمپانیاکە خرانە لیستی سزاکانەوە.

 

دابینکردنی دارایی بۆ حزبوڵڵای لوبنانی

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا، ئەمریکا سزای بەسەر (ئەحمەد خوزەیر مەقسووس) و (محەمەد عیسا کازیم شویلی - ئەبو مەریەم)دا سەپاندووە، کە دوو سەرکردەی باڵای (کەتائیب سەیدولشوهەدا)ن.

بە پێی زانیارییەکان شویلی تۆمەتبارە بەوەی لە ساڵی 2025ـەوە بە شێوەیەکی راستەوخۆ هەماهەنگی لەگەڵ تۆڕە داراییەکانی حزبوڵڵای لوبنان کردووە و، ملیۆنان دۆلاری بۆ کڕین و گواستنەوەی چەک بۆ ناو خاکی عێراق تەرخان کردووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە گرووپی (عەسائیب ئەهلی حەق) لە ساڵی 2020 و (کەتائیب سەیدولشوهەدا) لە نێوان ساڵانی 2023 بۆ 2025، لە لایەن ئەمریکاوە خرابوونە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییە جیهانییەکانەوە.

 

هەروەها وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر ئەم کۆمپانیانەی خوارەوە سەپاند:

-کۆمپانیای وزەی کەنداو بۆ گواستنەوەی گشتی، خزمەتگوزارییە دەریاییەکان و راوێژکاریی خانووبەرەی سنووردار.

-کۆمپانیای وزەی کەنداو بۆ خزمەتگوزارییە نەوتییەکانی سنووردار.

-کۆمپانیای وزەی نێودەوڵەتیی عێراق بۆ هاوردەکردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان."