بەقایی: هێشتا نەگەیشتووینەتە بڕیاری کۆتایی لە بارەی پێشنیازەکەی ئەمریکا
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: کە تاران سەرقاڵی تاوتوێکردنی ئەو پەیامانەیە کە ئەمریکا لە رێگەی پاکستانەوە بۆی ناردووە. لە لایەکی دیکەوە بەرپرسانی ئێران جەخت دەکەنەوە، کە تا ئێستا هیچ بڕیارێکی کۆتایی نەدراوە و وەڵامی فەرمیی ئەمریکا نەدراوەتەوە.
پێنجشەممە، 7ـی ئایاری 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بە ئاژانسی هەواڵی "ئیرنا"ی گوت: کە تاران لە ئێستا سەرقاڵی لێکۆڵینەوە و تاوتوێکردنی ئەو پەیامانەیە کە لە رێگەی نێوەندگیکاری پاکستانییەوە ئاڵوگۆڕ دەکرێن.
بەقایی جەختی لەوە کردەوە، کە ئێران تا ئێستا نەگەیشتووەتە هیچ دەرئەنجامێکی کۆتایی و هیچ وەڵامێکیش پێشکەش بە لایەنی ئەمریکی نەکراوە.
هەر ئەمڕۆ پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس، لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاوی کردەوە، کە ئێران سبەی وەڵامی پێشنیازەکەی ئەمریکا لە بارەی کۆتاییهێنان بە جەنگ دەداتەوە.
بەڵام لە لایکەی دیکەوە تۆڕی هەواڵی "سی ئێن ئێن" لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئەمریکییەوە ئاشکرای کرد، کە چاوەڕوان دەکرێت هەر ئەمڕۆ تاران وەڵامی پێشنیازەکەی واشنتن بداتەوە.