وەزارەتی نەوتی عێراق تۆمەتەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رەتدەکاتەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە کە ئاراستەی بریکاری وەزارەتەکەی بۆ کاروباری دابەشکردن کراون و رایدەگەیەنێت، پڕۆسەی هەناردەکردن و بەبازاڕکردنی نەوت لە دەسەڵاتی ئەودا نییە.

وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، تەواوی ئەو تۆمەتانە رەتدەکەنەوە کە ئاراستەی عەلی مەعارج بەهادلی، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دابەشکردن کراون. ئاماژەی بەوەش کردووە، وەزارەت پابەندە بە ڕێوشوێنە یاساییەکان و ڕێز لە بڕیارەکانی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق دەگرێت.

لە بەیاننامەکەدا جەخت لەسەر بنەمای شەفافیەت و بەرپرسیاریەتی کراوەتەوە و هاتووە "پێویستە مامەڵەکردن لەگەڵ هەر کێشە و تۆمەتێک لەسەر بنەمای بەڵگە و ڕاستییەکان بێت، نەک لەسەر بنەمای لێکدانەوە و مەرامی دیکە."

وەزارەتی نەوت ئامادەیی تەواوی خۆی دەربڕیوە بۆ هەر جۆرە هاوکارییەک لەگەڵ دادگا و دەستەی دەسپاکی بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی دادپەروەرانە، وەک ڕێزگرتنێک بۆ دامەزراوە چاودێری و یاساییەکانی دەوڵەت.

هەروەها وەزارەتی نەوت روونکردنەوەیەکی تەکنیکی داوە و رایگەیاندووە "پڕۆسەکانی هەناردەکردنی نەوتی خاو، بەبازاڕکردن و بارکردنی تانکەرەکان و ڕێوشوێنە پەیوەندیدارەکان، لە چوارچێوەی ئەرکەکانی بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری دابەشکردن نین، بەڵکو لایەن و کۆمپانیا تایبەتمەندەکان بەپێی میکانیزمێکی دیاریکراو سەرپەرشتی ئەو دۆسیەیە دەکەن."

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، کە پێشتریش کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) روونکردنەوەی پێویستی لەبارەی میکانیزمەکانی هەناردەکردن و بەبازاڕکردن داوە و ئەو دەنگۆیانەی لەو بارەیەوە بڵاوکراونەتەوە، رەتکردووەتەوە.