لە ریزەکانی سوپای ئیسرائیل سیخوڕی ئێرانی دەستگیرکرا

دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل دەستگیرکردنی چوار  کەسیان بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئێران راگەیاند، کە وێنە و زانیاریی وردی شوێنە ستراتیژییەکانی ئیسرائیلیان بۆ تاران ناردووە. بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو زانیارییانەی ئەوان ناردوویانە، بووەتە هۆی ئەنجامدانی زنجیرەیەک هێرش بۆ سەر پێگە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە.

رۆژنامەی (یەدیعۆت ئەحرۆنوت) بڵاویکردەوە، ئەو چوار کەسەی دەستگیرکراون، تۆمەتبارن بەوەی وێنەی فێرگەی هێزی ئاسمانی، ناوەندەکانی گواستنەوە و باڵەخانە حکوومییە گرنگەکانیان بۆ ئێران ناردووە.

رۆژی هەینی 8 ی ئایاری 2026، دادگای حەیفا تۆمەتەکانی ئاراستەی دەستگیرکراوەکان کرد. لە نێوان تۆمەتبارەکاندا سێ کەسیان سەربازی ئیسرائیلن، کە دوو لەو سەربازانە پێشتر خوێندکاری فێرگەی تەکنیکی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل بوون لە حەیفا، کەسەکەی دیکەش هاووڵاتییەکی مەدەنییە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ناو دۆسیەکە، تۆمەتبارەکان دانیشتووی ناوچەکانی (کیریات یام) و (کیریات شەمونە)ن لە باکوری ئیسرائیل. لە ماوەی شەڕی دژ بە ئێراندا، ئەم کەسانە دەستیان هەبووە لە ناردنی زانیاریی هەستیار لەسەر شوێنە مەدەنی، ئەمنی و سەربازییەکان بۆ سیخوڕەکانی ئێران، کە دواتر ئەو شوێنانە لەلایەن تارانەوە کراونەتە ئامانج.