نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری لە خراپتربوونی دۆخی مرۆیی لە لوبنان دەدات
ستیفان دوژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، هێشتا زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە لوبنان لە ئاوارەن.
ستیفان دوژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، هاوکارانمان لە بنکەکانی کارکردن دا پێمان دەڵێن، دۆخی مرۆیی لە لوبنان هێشتا ناسەقامگیرە، هێرشەکەی ئێوارەی چوارشەممە لەلایەن ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەکانی باشووری بەیروت بووە هۆی شەپۆلێکی نوێی ئاوارەبوونی هاووڵاتییانی مەدەنی.
گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەدا، لە دوای راگەیاندنی ئاگربەستەکەی 17ی نیسان و درێژکردنەوەکانی دواتری، ئەمە یەکەمین هێرش بوو بۆ سەر پایتەختی لوبنان ئەمە پێشهاتێکی زۆر مەترسیدارە، زۆر نیگەرانین لەبارەی ئەو راپۆرتانەی، باس لە کوژرانی هاووڵاتییانی مەدەنی دەکەن لە هێرشەکەدا، لە نێویاندا منداڵانیش هەبوون.
هەروەها رایگەیاندووە، داوا لە سەرجەم لایەنەکان دەکەین، ئەوپەڕی دان بەخۆیاندا بگرن و بەتەواوی رێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان بگرن.