سیستەمی نوێی ئاگرکوژێنەوە بۆ "قەیسەری" دانراوە؛ رێوشوێنە ئەمنییەکانیش توندتر کراون
دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر رووداوی سووتانی بازاڕی قەیسەری هەولێر و کۆتاییهاتنی پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی، بازاڕەکە بە سیما مێژووییەکەی و بە شێوازێکی سەردەمیانە پارێزراوە.
محەممەد عەزیزی، یەکێک لە دوکاندارەکانی بازاڕی قەیسەری، دڵخۆشیی خۆی بە پرۆسەی نۆژەنکردنەوەکە دەردەبڕێت و دەڵێت، "ئێمە وەک خاوەن دوکانەکان هیچ بڕە پارەیەکمان خەرج نەکرد. مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەڵێنەکەی خۆی بردەسەر و تەواوی تێچووەکەی لە ئەستۆ گرت. سەرەتا نیگەران بووین لە چارەنووسمان، بەڵام ئێستا زۆر ئاسوودەین و بازاڕەکە سیستەمێکی باشی هەیە و کارەباشمان بەردەوامە."
لە رووی سەلامەتی و بەرگریی شارستانییەوە، گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە بازاڕەکەدا کراوە. موقەدەم شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، روونی کردەوە، "سیستەمێکی تایبەتی بەرگریی شارستانی لێرە جێگیر کراوە. ئەگەر حاڵەتێکی نەخوازراو رووبدات، ئۆتۆمبێلەکانمان دەتوانن بە ئاسانی ئاو پڕ بکەنەوە و سیستەمی ئاگرکوژێنەوە بەکاربهێنن."
بۆ پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتییان و کاسبکاران، رێوشوێنی ئەمنی توند گیراوەتەبەر. موقەدەم کیفاخ حەسەن، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر، ئاماژەی بەوە کرد، "پاراستنی سەرجەم دەرگاکانی بازاڕەکە لە ئەستۆی کارمەندانمانە. بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی ئاسایش، تیمەکانمان 24 کاتژمێر لە ئەرکدان بۆ پاراستنی دوکانەکان."
لە بەرانبەر ئەو خزمەتگوزارییانەدا، رێکخراوی مرۆیی قەیسەری هەولێر رێوڕەسمێکی رێکخست و خەڵاتی رێزلێنانی بەخشییە هێزەکانی پۆلیس، ئاسایش، بەرگریی شارستانی، ژووری بازرگانی و سەندیکای زەڕەنگەران. هاوکات دەزگای میدیایی کوردستان24 وەک تاکە دەزگای راگەیاندن، لە پای ئەو رۆڵەی لە رووماڵکردن و گەیاندنی دەنگی کاسبکارانی قەیسەری هەیبووە، خەڵاتی رێزلێنانی پێ بەخشرا.
حاجی سەعد جەلال، زێڕینگر و سەرۆکی رێکخراوەکە، رایگەیاند، وەک وەفایەک بۆ ئەو هەوڵانەی دراون، دیارییەکی رەمزی کە پێکهاتووە لە وێنەیەکی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و چەند دروشمێکی، پێشکەشکی ئەو لایەنانەیان کردووە کە هاوکاربوونە لە کوژاندنەوەی ئاگر و نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەری.
بازاڕی قەیسەری هەولێر مێژووەکەی بۆ زیاتر لە 200 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە و رۆژانە هەزاران هاووڵاتی و گەشتیار رووی تێدەکەن. ئێستا ئەم بازاڕە نەک تەنیا سیمایەکی جوانتری وەرگرتووە و مۆرکە مێژووییەکەی پارێزراوە، بەڵکوو بە شێوازێکی زۆر باشتر لە رابردوو پارێزگاریی لێ دەکرێت.
شەوی 5ـی ئایاری 2024، ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی قەیسەری هەولێر کەوتەوە. بەهۆی رووداوەکەوە 227 دوکان و حەوت کۆگای بچووک بەتەواوی سووتان و زیاتر لە 100 کەسیش بریندار بوون.