وەزارەتی شەهیدان: رێکارەکانی گواستنەوەی دۆسیەی زیندانیانی سیاسی بۆ بەغدا تەواو بووە
بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاریی کاروباری زیندانیانی سیاسی لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، دوایین پێشهاتەکانی گواستنەوەی دۆسیەی زیندانیانی سیاسی هەرێم بۆ سەر حکوومەتی فیدراڵ ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت کە تەنیا پرسی تەرخانکردنی دارایی ماوەتەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 9ـی ئایاری 2026، ئەحمەد مام رەسوڵ، بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاریی کاروباری زیندانیانی سیاسی لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، تایبەت بە ماڵپەری کوردستان24، ئاماژەی بەوە کرد، بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لێژنەیەکی باڵا پێکهێنراوە کە پێکهاتووە لە: سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، وەزیرانی دارایی و شەهیدان، و نوێنەرایەتی هەرێم لە بەغدا. ئەرکی ئەم لێژنەیە گفتوگۆکردنە لەگەڵ بەغدا بۆ دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ زیندانیانی سیاسی هەرێم.
سەبارەت بە هۆکاری دواکەوتنی کارەکانی لێژنەکە، ناوبراو رایگەیاند؛ بڕیار بوو هەفتەی رابردوو کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی گەشتی شاندی هەرێم بۆ بەغدا و بەشداریی ئەندامانی لێژنەکە لەو گەشتەدا، کۆبوونەوەکە دواکەوتووە. گوتیشی: "پێشبینی دەکەین لەم هەفتەیەدا لێژنەکە کۆببێتەوە بۆ داڕشتنی هەنگاوەکانی داهاتوو بەرەو بەغدا."
بەڕێوەبەری گشتیی خزمەتگوزاریی کاروباری زیندانیانی سیاسی دڵنیایی دا، هەموو رێکارە یاساییەکان و هەماهەنگییەکان لەگەڵ دەزگای زیندانیانی سیاسی عێراق کۆتاییان هاتووە. ئاماژەی بەوەش کرد، کۆنووسێکی هاوبەش واژۆ کراوە و یاسای پەیوەندیدار لە بەغدا هەموار کراوە بۆ ئەوەی زیندانیانی هەرێم بگرێتەوە.
جەختیشی کردەوە، "تەنیا بابەتی تەرخانکردنی دارایی ماوە"، کە بڕیارە لە کۆبوونەوەی داهاتووی لێژنەکەدا وەک دوا هەنگاو بەرەو بەغدا کاری لەسەر بکرێت.