ئێران لە نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارە مێژووییەکان ئاستەنگی بۆ دروستبووە
جەنگی 40 رۆژەی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە کۆماری ئیسلامی، زیانێکی زۆری بەر بەشێک لە شوێنەوارە مێژووییەکانی ئێران گەیاندووە، پرۆسەی پاراستن و نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارەکانی رووبەڕووی ئاستەنگییەکی زۆر کردووەتەوە.
کۆشکی مێژوویی گوڵستان لە تاران، کە یەکێکە لە شوێنەوارە جیهانییەکانی یونسکۆ، کە بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی و مووشەکەکانی جەنگەوە، زیانێکی زۆر بە سیمای دەرەوە و ناوەوەی کۆشکەکە کەوتووە؛ لەوانە شکانی پەنجەرە دارینەکان، زیانگەیشتن بە سەقفە ئاوێنەبەندە ناوازەکان و داخرانی هەندێک لە بەشەکانی کۆشکەکە بەهۆی مەترسیی رووخانی سەقف و دیوارەکانییەوە.
شارەزایانی شوێنەوار لەگەڵ کاتدا لە کێبڕکێدان بۆ رێگریی لەناوچوونی یەکجاریی ئەم شوێنەوارە مێژووییە، بەڵام ناسەقامگیریی دۆخەکە وایکردووە پلاندانان بۆ نۆژەنکردنەوەی کارێکی ئەستەم بێت.
حەسەن فەرتووسی، سەرۆکی کۆمیسیۆنی نیشتمانیی یونسکۆ لە ئێران هۆشداری دەدات، ناسەقامگیریی سیاسی و لێکەوتەکانی جەنگ رێگرن لە پاراستنی شوێنەوارە مێژووییەکانی ئێران.دەڵێت "سێبەری جەنگ هێشتا باڵی بەسەر ئاسمانی ئێراندا کێشاوە؛ بۆیە لە دۆخێکی وەهادا، ناتوانی بەباشی پلانی نۆژەنکردنەوە دابڕێژین، تەنانەت ئەگەر لە رێگەی هونەرمەند و پسپۆرەکانیشەوە دەست بە نۆژەنکردنەوە بکەین، ئەو کاتە رەسەنایەتییەکەی چی لێ دێت؟، چونکە واتای شوێنەوارە کولتوورییەکان بە چەمکی رەسەنایەتییەوە بەستراوەتەوە".
دەشڵێت "ئەگەر رەسەنایەتی نەبێت، شوێنەواری مێژوویی نامێنێت، بەداخەوە یونسکۆ و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکە بودجەیان سنووردارە؛ تەنیا دەتوانم بڵێم زۆربەی بودجەکەیان تەنیا بۆ بارودۆخی فریاگوزاری، یان وەک هەنگاوێکی سیمبولییە، بەڵام بەشە سەرەکییەکەی تێچووی نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارەکان، دەبێت لە لایەن حکوومەتی ئێرانەوە دابین بکرێت".
بە گوێرەی دوا ئاماری کە عەلی دارابی بریکاری وەزیری رۆشنبیری و شوێنەوارەکانی ئێران رایگەیاندووە، لە ماوەی جەنگی 40 رۆژەی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە کۆماری ئیسلامی، لە 20 پارێزگای ئێران دا 149 شوێنەواری مێژوویی زیانیان پێگەیشتووە، لە نێویاندا 5یان بە شوێنەواری جیهانیی لە لایەن رێکخراوی یونسکۆوە تۆمارکراون، هەروەها 54 مۆزەخانە لەگەڵ 7 شوێنەواری شارستانی مێژوویی زیانیان پێگەیشتووە.