وۆڵ ستریت جۆرناڵ: ئیسرائیل بنکەیەکی سەربازی نهێنی لە بیابانەکانی عێراق دامەزراندووە

سوپای ئیسرائیل 'ئەرشیف'
سوپای ئیسرائیل 'ئەرشیف'

رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ئیسرائیل بنکەیەکی سەربازیی نهێنی لە ناو قوڵایی بیابانەکانی عێراقدا دروستکردووە، ئەمەش بە مەبەستی پشتیوانیکردن لەو شەڕەی لە 28ـی شوباتی 2026 دژی ئێران دەستیپێکردووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە پشت بە لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکی دەبەستێت، ئیسرائیل ئەم بنکەیەی بۆ پشتیوانیکردنی هەڵمەتە ئاسمانییەکانی دژی ئێران بەکارهێناوە. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، هێزە ئیسرائیلییەکان هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر هێزە عێراقییەکان لەو کاتانەی کە لە بنکە نهێنییەکە نزیک بوونەتەوە.

لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە، لە 4ـی ئاداری 2026دا، زانیاری دژبەیەک دەربارەی پرۆسەیەکی دابەزینی ئاسمانی لە ناوچە بیابانییەکانی نێوان کەربەلا و نەجەف بڵاوبووەوە. ئەمەش دوای ئەوە هات هێزێکی عێراقی لە کاتی ئەرکێکی چاودێریدا بۆردومان کرا و بەهۆیەوە چەکدارێک کوژرا و دووانی دیکەش بریندار بوون، بێ ئەوەی لایەنی ئەنجامدەر بە فەرمی ئاشکرا بکرێت.

لەکاتێکدا هەندێک لایەنی ئەمنی و پەرلەمانتاران باسیان لە ئەنجامدانی هێزی ئاسمانی لەلایەن هێزە ئەمریکییەکانەوە دەکرد، بەڵام فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بە هیچ هێزێکی ئاسمانی نەکرد و تۆمەتی ئاراستەی هیچ لایەنێک نەکرد بۆ بۆردومانکردنی هێزە عێراقییەکە.

ئەو ناوچەیەی رووداوەکەی تێدا تۆمارکراوە، بە ناوچەیەکی جوگرافی ئاڵۆز و سەخت دادەنرێت کە دۆڵە قووڵەکانی وەک (دۆڵی ئەبیەز، دۆڵی فیازییە و دۆڵی هەبارییە) لەخۆدەگرێت.