میدیایەکی ئیسرائیل: حەماس خەریکی خۆڕێکخستنەوەیە

کەناڵی 13ـی ئیسرائیلی، ئەمڕۆ دووشەممە، 11ـی ئایری 2026، پەردەی لەسەر بەڵگەنامەیەک لادا پێشکەش بە سەرکردایەتی سیاسی ئیسرائیل کراوە و تێیدا هاتووە بزووتنەوەی حەماس بە شێوەیەکی خێرا کار دەکات بۆ گەڕاندنەوەی توانا سەربازییەکانی لە کەرتی غەززە.

بەگوێرەی راپۆرتی کەناڵەکە، لە کاتێکدا سەرنجە ئەمنییەکانی ئیسرائیل ئێستا زیاتر لەسەر بەرەکانی ئێران و لوبنان چڕبوونەتەوە، بزووتنەوەی حەماس دەرفەتەکەی قۆستووەتەوە بۆ سەرلەنوێ بونیادنانەوەی هێزەکانی لە ناو کەرتی غەززە.

بەڵگەنامە فەرمییەکە ئاشکرای دەکات، حەماس مانگانە سەدان بۆمبی چێنراو، گوللە هاوەن و مووشەکی دژە تانک بەرهەم دەهێنێت. جگە لەوەش، بزووتنەوەکە خەریکی کۆکردنەوەی زانیاری وردە لەسەر جووڵە و شوێنی هێزەکانی سوپای ئیسرائیل کە لە ناو غەززە جێگیرن.

هەر لەو بەڵگەنامەیەدا هاتووە؛ سەرەڕای ئامادەیی و چاودێری سوپای ئیسرائیل، حەماس دەستی کردووەتەوە بە ئەنجامدانی مەشق و راهێنانی سەربازی مەیدانی بۆ چەکدارەکانی.

ناوەندە ئەمنییەکانی ئیسرائیل هۆشداری دەدەن، ئەم هەنگاوانەی حەماس بە "بازدانێکی گەورە" لە تواناکانی ئەو بزووتنەوەیە هەژمار دەکرێت. ئیسرائیل پێیوایە ئەم ئامادەکارییانە بۆ ئەوەیە حەماس بتوانێت بە شێوازێکی کاریگەرتر و لە چەندین ئاڕاستەی جیاوازەوە رووبەڕووی هەر مانۆڕ و ئۆپەراسیۆنێکی داهاتووی سوپای ئیسرائیل ببێتەوە.