سەرچاوەیەک: وەزارەتی ناوخۆ بۆ مالیکی یەکلابووەتەوە
وەزارەتی ناوخۆ بۆ مالیکی یەکلابووەتەوە و بە ئەگەرێکی زۆریش وەزارەتی نەوت بۆ سوودانی دەبێت.
سەرچاوەیەکی نزیک لە چوارچێوەی هەماهەنگی بە کوردستان24ی راگەیاند، کە چوارچیوەی هەماهەنگی لە %95 لەسەر دابەشکردنی وەزارەتەکان گەیشتوونەتە رێککەوتن و تەنها لە 5% ماوە.
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: وەزارەتی ناوخۆ بۆ دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی یەکلابووەتەوە و کەسێک لە دەوڵەتی یاسا دەبێتە وەزیری ناوخۆ، وەزارەتی نەوت تا ئێستا یکلانەبووەتەوە بەڵام بە ئەگرێکی زۆرەوە بۆ هاوپەیمانێتیەکەی سوودانی دەبێت.
سەبارەت بە وەزارەتی دارایی، ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو لەلایەن چوارچیوەی هەماهەنگیەوە سەرپشک کراوە کە خۆی کەسێک بۆ وەزیری دارایی دەستنیشان بکات.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کە لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ هەر وەزارەتێک سێ ناویان داوەتە زەیدی بۆ ئەوەی یەکێکیان هەڵبژێرێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە لایەنەکان نیەتی خۆیان بە زەیدی گوتووە لەو سێ ناوە ئەوان لەگەڵ کامیانن.
سەبارەت بە وەزارەتی بەرگری، سەرچاوەیەک بە کوردستان24ـی راگەیاند، تا رادەیەک وەزارەتی بەرگری بۆ عەزم یەکلابووەتەوە.
رۆژی 27ـی نیسان، سەرۆککۆماری عێراق بە مەرسوومێک عەلی زەیدی بۆ پێکهێنانی حکوومەت راسپارد. بەگوێرەی دەستوور 30 رۆژ لەبەردەم سەرۆکوەزیرانی راسپێردراودایە بۆ تەواوکردنی کابینەکەی. ئێستا دوو هەفتە بەسەر راسپاردنی عەلی زەیدی تێپەڕیوە تاوەکوو ئێستا کابینەی نوێ پێکنەهاتووە.
هەرچەندە رۆژی 7ـی ئایار، زەیدی کارنامەی حکوومەتەکەی رادەستی هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان کرد و بڕیار بوو لەم هەفتەیەدا کابینە وزارییەکەش رادەست بکات، بەڵام بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنەکان، پرۆسەکە روو لە دواکەوتنە.