وەزیرانی دەرەوەی ئیسپانیا و فینلەندا بۆ کوردستان24: مافی پێکهاتەکان لە سووریا هێڵی سوورە

لێدوانی رۆژنامەوانیی وەزیری دەرەوەی فینلەندا و ئیسپانیا
لێدوانی رۆژنامەوانیی وەزیری دەرەوەی فینلەندا و ئیسپانیا

وەزیرانی دەرەوەی ئیسپانیا و فینلەندا لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 جەخت لە پاراستنی مافی پێکهاتەکان و پێکهاتەکان لە سووریا دەکەنەوە و دەڵێن پاراستنی ئەو مافانە بۆ یەکێتیی ئەورووپا هێڵی سوورە. 

 ئەمڕۆ دووشەممە، 11ی ئایاری 2026، خۆسێ مانوێل ئەلبارێس، وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا و ئەلینا ڤالتۆنەن، وەزیری دەرەوەی فینلەندا لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ بارزان حەسەن، پەیامنێری کوردستان24 باسیان لە هەڵوێستی یەکێتیی ئەورووپا بەرانبەر بە داهاتووی سووریا کرد.

خۆسێ مانوێل ئەلبارێس رایگەیاند، "ئێمە سووریایەکی سەقامگیر و دیموکراسیمان دەوێت یەکپارچەیی خاکەکەی پارێزراو بێت. کاتێک لە سەرەتای دروستبوونی ئەم حکوومەتە نوێیەدا سەردانی دیمەشقم کرد، زۆر بە روونی پێم گوتن ئیسپانیا و یەکێتیی ئەورووپا هێڵی سووریان هەیە، یەکێک لەو هێڵە سوورانەش مافی یەکسانە بۆ هەموو هاووڵاتییەکی سووری بەبێ گوێدانە ئایینەکەی."

وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا ئاماژەی بەوە کرد، "پێویستە مافی کەمینە کریستییانەکان، کەمینە زمانەوانی و نەتەوەییەکان رێزی لێ بگیرێت و هەمان مافیان هەبێت. دەبێت ئافرەتانیش هەمان مافی پیاوانیان هەبێت. بە کورتی، هەر هاووڵاتییەکی سووری دەبێت هەمان مافی هەبێت."

لە لایەکی دیکەوە ئەلینا ڤالتۆنەن گرنگیی قۆناغی گواستنەوەی سیاسی لە سووریا خستە روو و گوتی: "هەر لە سەرەتاوە بۆ یەکێتیی ئەورووپا زۆر گرنگ بووە پاڵپشتی لە ئیدارە و قۆناغی گواستنەوەی سووریا بکات بەرەو قۆناغێک بەڕاستی تەواوی دانیشتووان و هەموو پێکهاتەکان لەخۆبگرێت."

ڤالتۆنەن هۆشداریشیدا لەبارەی رەوشی ئێستای ئەو وڵاتە و روونیشی کردەوە، "ئێمە بە وردی چاودێری پێشکەوتنەکان دەکەین، هەندێک نیشانەی باش هەن، بەڵام هەندێک پێشهاتی جێگەی نیگەرانیش بوونیان هەیە."

لەبارەی سزاکانی سەر سووریاوە، وەزیری دەرەوەی فینلەندا ئاماژەی بەوە دا، "لە کاتێکدا ئێمە دەمانەوێت مامەڵە لەگەڵ سووریا بکەین و هیوادارین لە داهاتوودا گەشەسەندنێکی سەقامگیر لەو وڵاتە ببینین و پێداچوونەوە بە سزاکاندا بکەین، بەڵام ئەگەر بەرەوپێشچوونەکان بە شێوەیەک نەبن مافی هەموو کەمینەکان، بە ئافرەتانەوە و کچانیشەوە بە دروستی لەخۆبگرێت، ئەوا لەوانەیە هێشتا پێویستمان بە میکانیزمی گەڕاندنەوەی خێرای سزاکان هەبێت."

ئەمە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ دووشەممە، 11ی ئایاری 2026، لە برۆکسلی پایتەختی یەکێتیی ئەوروپا، یەکەمین دیالۆگی سیاسیی ئاستی باڵا لە نێوان یەکێتییەکە و سووریا بەڕێوەچوو.

کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی یەکێتیی ئەوروپا بۆ کاروباری دەرەوە و سیاسەتی ئاسایش و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، سەرۆکایەتیی شاندی هەردوولایان کرد.