تورکیا پڕۆژە یاسایەک بۆ خۆڕادەستکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە ئامادە دەکات
تورکیا پڕۆژەیاسایەکی نوێ بە ناوی "پێشنیازی یاسای یەکگرتنی کۆمەڵایەتی و هاودەنگی نیشتمانی" ئامادە دەکات کە ئامانج لێی چاودێریکردنی پرۆسەی چەکدانانی پەکەکەیە.
میدیاکانی نێوخۆییەکانی تورکیا رایانگەیاندووە، حکوومەتی تورکیا پڕۆژەیاسایەکی نوێ بە ناوی "پێشنیازی یاسای یەکگرتنی کۆمەڵایەتی و هاودەنگی نیشتمانی" ئامادە دەکات کە ئامانج لێی چاودێریکردنی پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە و ڕێکخستنەوەی ژیانی ئەو کەسانەیە کە دەست لە چەک هەڵدەگرن.
بۆ جێبەجێکردنی ئەم مەبەستەش، بڕیارە "ئەنجوومەنی چاودێری و هەماهەنگی یەکگرتنی کۆمەڵایەتی" پێکبهێنرێت کە نوێنەرانی دەزگای هەواڵگری (میت) و وەزارەتەکانی ناوخۆ، بەرگری، داد، تەندروستی و چەند وەزارەتێکی دیکەی تێدا دەبێت.
ئەم ئەنجوومەنە ئەرکی سەرەکی ئەوە دەبێت کە بە شێوەیەکی مەیدانی و یاسایی چاودێری هەنگاوەکانی چەکدانان بکات و رێکارە پێویستەکان بۆ گەڕانەوەی چەکدارەکان بۆ ناو ژیانی ئاسایی جێبەجێ بکات، هاوکات ئەنجوومەنەکە بەرپرس دەبێت لە دروستکردنی هەماهەنگی لە نێوان دامەزراوە حکوومییەکان و بەردەوام ڕاپۆرتەکانی خۆی لەسەر بەرەوپێشچوونی پرۆسەکە پێشکەش بە پەرلەمانی تورکیا دەکات، تاوەکو دڵنیایی بدرێت کە هەموو هەنگاوەکان بەپێی پێوەرە دیاریکراوەکان و لەژێر چاودێرییەکی ورددا بەڕێوە دەچن.
دووشەممە 12ـی ئایاری 2025، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئەنجامی 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند: لەژێر ڕۆشنایی بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، پەکەکە بڕیاری هەڵوەشانەوەی هەیکەلی ڕێکخراوەیی دا، هەروەها بڕیاری کۆتایهێنان بە خەباتی چەکداری و هەموو ئەو چالاکییانەی دا کە بەناوی ڕێکخراوەکەوە دەکرێن.