پۆلیسی دارستان: لە کابینەی نۆیەمدا 90%ی زێدەڕۆییەکانی سەر زەوییە کشتوکاڵییەکان کۆنترۆڵکراون

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان دەڵێت لە کابینەی نۆیەم : رێککارەکان لەبارەی زێدەڕۆییەکانی زەوییە کشتوکاڵییەکان توندترکراون بەجۆرێک زیاتر لە 90% کۆنترۆڵکراون.

فەرمان فازڵ، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە، 11ـی ئایاری 2026، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: رێککارەکان لەبارەی زێدەڕۆییەکانی زەوییە کشتوکاڵییەکان توندترکراون بەتایبەتی لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی زۆرباش کۆنترۆڵکراون  تەنانەت زیاتر لە 90٪ زێدەڕۆییەکان کۆنترۆڵکراون.

بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیس دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، دوو جۆر زێدەڕۆیی هەبوونە، ئەو زەوییانەی بە نایاسایی و سەرپێچ کراونەتە مەزرعە و هەروەها ئەو زەوییانەی بە نایاسایی کراونەتە خانوو.

دەربارەی موڵکداری زەوییەکان، فەرمان فازڵ رایگەیاند: بەشێک لەو زەوییانەی زێدەڕۆییان لەسەر دەکرێت موڵکی گشتیین واتە دەوڵەت خاوەنداریەتیی دەکات و بەشێکی دیکەشیان موڵکی تاکەکەسین، بەشی زۆری ئەو زەوییانە دەکرێنە مەزرعە.

بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەری هەرێمی کوردستان جەخت لە رێککاری توند بەرانبەر سەرپێچیکاران دەکاتەوە و دەڵێت، بەگوێرەیی یاسایی ژمارەی سێی ساڵی 2018، هەرکەسێک لەسەر خانوو یان مەزرعە یان هەرجۆرە سەرپێچیەک لەسەر ئەو زەویانە بکات پێویستە تێکبدرێت ئەگەر قبووڵی نەکرد تێکبدرێت دەدرێتە دادگا.

هاوکات یەکێک لە خاڵەکانی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان هەردوو وەزارەتەکانی ناوخۆ و کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان توندترکردنی رێککارەکان بوو بەرانبەر ئەو کەسانەی زێدەڕۆیی دەکەن.