ئێران لەسەر تەکنەلۆژیای ئەتۆمی و پیتاندنی یۆرانیۆم دانوستان ناكات
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند،کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامادە نییە لەسەر بابەتی تەکنەلۆژیای ئەتۆمی و پیتاندنی یۆرانیۆم دانوستان بکات.
ئیبراهیم رەزایی، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی وڵاتەکەی جەختی کردووەتەوە کە تەکنۆلۆژیای ئەتۆمی لە کارنامەی وتووێژەکاندا نییەو پرسی پیتاندنی یۆرانیۆمیش بە هیچ شێوەیەک دانوستانی لەسەر ناکرێت.
بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی "ئیسنا"، گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی پەرلەمان، وردەکاری کۆبوونەوەی لیژنەکەیانی خستوەتەڕوو کە بە ئامادەبوونی محەممەد ئیسلامی، سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران بەڕێوەچووە.
گوتەبێژی لیژنەکە لە زمانی سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمییەوە رایگەیاندووە: بابەتی تەکنۆلۆژیای ئەتۆمی لە بەرنامەی دانوستانەکاندا نییە و پیتاندنی یۆرانیۆمیش بەهیچ شێوەیەک قابیلی وتووێژ نییە.
هەروەها محەممەد ئیسلامی لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە هەموو رێوشوێنێکی پێویست بۆ پاراستنی بنکەو دامەزراوە ئەتۆمییەکان گیراوەتەبەر.