ئیسرائیل: لە دوای ئاگربەستەوە زیاتر لە 350 چەکداری حزبوڵڵا کوژراون
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، زیاتر لە هەزار و 100 ئامانجی سەربازیی حزبوڵڵایان پێکاوە و 350 چەکداری ئەو حزبەشیان کوشتووە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 12ـی ئایاری 2026، ئیلا واویە، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل بۆ راگەیاندنەکانی عەرەبی گوتی: لە سەرەتای دەستپێکردنی لێکگەیشتنەکانی تایبەت بە ئاگربەستەوە، هێزە ئاسمانییەکانی ئەو وڵاتە زیاتر لە هەزار و 100 ئامانجی سەربازیی حزبوڵڵایان پێکاوە و زیاتر لە 350 چەکداری ئەو حزبەشیان لە باشووری لوبنان کوشتووە.
ئەو گوتەبێژە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج پێکهاتوون لەو باڵەخانە سەربازییانەی چەکدارانی حزبوڵڵای تێدا بووە، کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی، سەکۆکانی هەڵدانی مووشەک کە ئامادەکرابوون بۆ تەقاندن، لەگەڵ چەندین ژێرخانی دیکەی سەربازیی ئەو رێکخراوە.
ئیلا واویە باسی لەوەشکرد، سوپای ئیسرائیل لەسەر بنەمای رێنماییە سیاسییەکان، بەردەوام دەبێت لە هێرشەکانی دژی هەر هەڕەشەیەک کە بکرێتە سەر هاووڵاتییانی ئیسرائیل و هێزەکانی سوپا.
هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان بەردەوامییان هەیە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی مەترسییەکی گەورە لەبارەی ئەگەری فراوانبوونی رووبەڕووبوونەوەکان، چاودێران پێیان وایە ئەم پەرەسەندنانە کاریگەریی راستەوخۆیان دەبێت لەسەر بەڕێوەچوونی دانوستانە چاوەڕوانکراوەکانی ئەمریکا و ئێران.
بەپێی نوێترین ئامارە فەرمییەکانی حکوومەتی لوبنان، لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشە نوێیەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان لە 2ـی ئاداری رابردووەوە، هەزاران کەس بوونەتە قوربانی و زیاتر لە 1.6 ملیۆن کەسیش ئاوارە بوون، کە ئەم ژمارەیە نزیکەی یەک لەسەر پێنجی کۆی دانیشتووانی ئەو وڵاتە پێکدەهێنێت.
لە 17ـی نیسانی رابردووەوە ئاگربەستێکی 10 رۆژە لە نێوان حزبوڵڵا و ئیسرائیل راگەیەندرا، دواتر تا 17ـی ئایاری ئەم مانگە درێژکرایەوە.
بەڵام سەرەڕای بوونی رێککەوتنی ئاگربەست، ئیسرائیل بەردەوامە لە پێشێلکارییەکانی و بەردەوام بۆردومانی ناوچە جیاوازەکانی باشووری لوبنان دەکات و دەیان گوندی وێرانکردووە.