وەزارەتی کارەبای عێراق: ناتوانین کارەبای 24 کاتژمێری دابین بکەین
ئەحمەد موسا "هاوینی ئەمساڵ بۆ هاووڵاتیان سەخت دەبێت"
وەزارەتی کارەبای عێراق هۆشداری دەدات لەوەی هاوینی ئەمساڵ بۆ هاووڵاتیان سەخت دەبێت، ئاماژە بەوەش دەکات بەهۆی کورتهێنان لە بەرهەمهێنانی کارەبا و زیادبوونی خواست، ناتوانن کارەبای بەردەوام دابین بکەن. بەپێچەوانەوە لەهەرێمی کوردستان کارەبای 24 کاتژمێری بۆ زیاتر لە 85% هاووڵاتیان دابین کردووە و بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ تەواوی شار و شارۆچکەکانی کوردستان کارەبای 24 کاتژمێری بۆ دابین بکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 12ـی ئایاری 2026، ئەحمەد موسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "هاوینی ئەمساڵ لە رووی دابینکردنی کارەباوە بۆ حکوومەت و هاووڵاتیانیش قورس دەبێت، بەتایبەت لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و زیادبوونی فشاری سەر تۆڕەکانی کارەبا."
گوتەبێژەکەی وەزارەت ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا تارادەیەک کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا جێگیرە، بەڵام جەختی کردەوە، "جێگیری بە واتای بەردەوامی نایەت"، ئامانجی سەرەکی وەزارەت لەم قۆناخەدا ئەوەیە کە ئەو بڕە کارەبایەی دەدرێتە هاووڵاتیان، بە جێگیری بمێنێتەوە و بڕانی کتوپڕی تێدا نەبێت.
سەبارەت بە چارەسەری بنەڕەتی کێشەکە، ئەحمەد موسا روونی کردەوە، زیادکردنی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا پێویستی بە بونیادنانی وێستگەی نوێ هەیە، هەروەها چەندین پڕۆژە و وێستگەی گەورە لە قۆناخی جێبەجێکردندان، دەشڵێت، ئەم وێستگانە هێشتا تەواو نەبوون و نەکەوتوونەتە خزمەتەوە تا ئەو وێستگانە نەکەونە کار، ئاستی بەرهەمهێنان وەک پێویست زیاد ناکات.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین قەیرانی کارەبا لە عێراقدا توندتر دەبێتەوە، ئاستی ئێستای بەرهەمهێنان ناتوانێت تەنانەت نیوەی پێداویستییە راستەقینەکانی وڵات پڕ بکاتەوە، ئەمەش ساڵانە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی بەرفراوان لەلایەن هاووڵاتیانەوە.
پڕۆژەی رووناکی دەستپێشخەرییەکی ستراتیژیی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە کە لە تشرینی دووەمی 2024 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتەوە راگەیەندرا، ئامانجی سەرەکی پڕۆژەکە دابینکردنی کارەبای بەردەوامی 24 کاتژمێرییە بۆ تەواوی ماڵان و کەرتی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026.
تاوەکوو ئێستا زیاتر لە %85ـی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان کەدەکاتە نزیکەی 5.5 ملیۆن هاووڵاتی ئێستا خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێرین.
تاوەکوو ئێستا هەولێر ، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە، هەروەها زاخۆ، سۆران، راپەڕین، پیرمام، ئاکرێ، سیمێل و کۆیە بەتەواوی چوونەتە نێو سیستەمی 24 کاتژمێرییەوە.
یەکێک لە گرنگترین دەستکەوتەکانی پڕۆژەی رووناکی، نەهێشتنی مۆلیدە ئەهلییەکان و کەمکردنەوەی پیسبوونی ژینگەیە، کە تا ئێستا 5917 مۆلیدەی گەڕەکەکان کوژێنراونەتەوە.
هەروەها بڕیارە تا کۆتایی ساڵی 2026، کۆی ژمارەی مۆلیدە کوژاوەکان بگاتە زیاتر لە 7000 مۆلیدە.
زیاتر لە دوو دەیەیە خەڵکی عێراق بەدەست بێکارەبایی و کرێی مۆلیدە ئەهلییەکان و پیسبوونی ژینگە دەناڵێنن، بە گوێرەی بە دوداچوونەکان ساڵانە چەندین ملیار دۆلار لە داهاتی هاووڵاتیان بۆ کرێی مۆلدەکانە دەوات.
دانیشتووانی بەغدا ساڵانە نزیکەی یەک ملیار و 600 ملیۆن دۆلار پارە دەدەنە مۆلیدە ئەهلییەکان بۆ ئەوەی بێ کارەبا نەبن، ئەمەش هێندەی مووچەی نزیکەی دوو مانگی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە.
بە گشتیی هاووڵاتیان گلەییان لە حکوومەتی فیدراڵ هەیە، کە ساڵانە بە ملیار دۆلار لە قوت و داهاتی خەڵکی عێراق بۆ کرێی کارەبای مۆلیدە دەڕوات، کەچی حکوومەتی عێراق نەیتوانیوە لە دوو دەیەی رابردووەوە بە پلانی بنیادنانەوەی ژێرخانی کەرتی وزە و کارەبا، کۆتایی بە بازرگانی مۆلیدەکان و پیسکردنی ژینگە بهێنێت.
عەلی ساعدی گوتەبێژی رابیتەی مۆلیدە ئەهلییەکانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە بەغدا 14 هەزار مۆلیدەی ئەهلی هەن، قەبارەی مۆلیدەکان جیاوازن هەندێک لە مۆلیدەکان بچووکن، لە 500 بۆ 750 ئەمپێر کارەبا دەدەن، هەندێکیشیان مامناوەندن و 900 بۆ 1200 ئەمپێر کارەبا دەدەن، بەڵام بەشێک لە مۆلیدەکان گەورەن نزیکەی 1500 ئەمپێر کارەبا دەدەن، لە مانگی نیسان نرخی یەک ئەمپێر لە بەغدای پایتەختی عێراق بە تێکڕا 10 هەزار دیناربووە، بەشێوەیەکی گشتیش خێزانەکان یاخود ماڵەکانی بەغدا 5 بۆ 10 ئەمپێر کارەبا بەکاردەهێنن.
گوتەبێژی رابیتەی مۆلیدە ئەهلییەکانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، مانگی رابردوو نزیکەی 200 ملیار دینار وەک پارەی کارەبای مۆلیدە لەلایەن دانیشتووانی بەغداوە دراوەتە مۆلیدە ئەهلییەکان بۆ ئەوەی چەند کاتژمێرێک کارەبایان بۆ دابین بکرێت، هەروەها لە بەغدا رۆژانە نزیکەی 20 ملیۆن ئەمپێر کارەبا دەدرێت بە هاووڵاتییان، لە سەر ئاستی ساڵانەش ئەو پارەیەی کە هاووڵاتییان لە بەغدا بە مۆلیدە ئەهلییەکانی دەدەن نزیکەی 2 تریلیۆن و 400 ملیار دینارە واتە دەکاتە نزیکەی یەک ملیار 600 ملیۆن دۆلار.
حکوومەتی عێراق لە 2025ـەوە تاوەکوو سەرەتاکانی 2026 چەندین گرێبەستی کڕین و بەرهەمهێنانی کارەبای لەگەڵ چەندی کۆمپانیای گەورە کردووە، لەوانە گرێبەستی لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی سعوودی واژۆکردووە بۆ هاوردەکردنی پەنەلی کارەبایی تیشکی خۆر، وزەی نوێ بووەوە، لەوانە کۆمپانیای ئەکوا پاوەری سعوودیە، تۆتاڵی فەرەنسی کۆمپانیای مەسدەری ئیماراتی.
پێشتریش حکوومەتی فیدراڵ واژۆکردنی گرێبەستێکی لە ئابی ساڵی رابردوو راگەیاند، کە تایبەتە بە جێبەجێکردنی پێنج وێستگەی بەرهەمەهێنانی کارەبا، ئەمە جیا لەوەی پێشتریش جەندین گرێبەستی لەگەڵ میسر، لوبنان، ئوردن و ئێران کردووە بۆ کڕینی کارەبا.