دکتۆر ئاسۆ زەنگەنە: هیچ حاڵەتێکی هانتا ڤایرۆس لە هەرێمی کوردستان تۆمارنەکراوە
سەرەرای ئەوەی هیچ حاڵەتێکی تووشبوون یان گومانلێکراو بە "هانتا ڤایرۆس" لە هەرێمی کوردستان و عێراق تۆمار نەکراوە، بەڵام وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رێوشوێنی پێویستی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو گرتووەتەبەر؛ هاوکات رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری دەدات کە مەترسییەکانی ئەم ڤایرۆسە نابێت پشتگوێ بخرێن، چونکە لە هەندێک حاڵەتدا رێژەی گیانلەدەستدان تێیدا دەگاتە 50%.
رۆژی سێشەممە 12 ئایاری 2026، دکتۆر ئاسۆ زەنگەنە، بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ حاڵەتێکی تووشبوون یان گومانلێکراو لە هەرێمی کوردستان تۆمار نەکراوە. دکتۆر ئاسۆ ئاماژەی بەوە کرد: "ئێمە وەک وەزارەتی تەندروستی رێنمایی پێویستمان بڵاوکردووەتەوە و تیمەکانمان لە هۆشیارکردنەوەی خەڵک بەردەوامن. هەرچەندە تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک بۆ سنووردارکردنی جووڵە لە فڕۆکەخانە و دەروازەکان نییە، بەڵام خۆپارێزی گرنگە."
سەبارەت بە توانای تاقیگەکان بۆ دەستنیشانکردنی ڤایرۆسەکە، دکتۆر ئاسۆ روونی کردەوە کە پشکنینی ئەم ڤایرۆسە پێویستی بە کیتی تایبەت هەیە و لە کاتی هەبوونی هەر گومانێکدا، نموونەکان بۆ تاقیگەی ناوەندی لە بەغدا دەنێردرێن بۆ دڵنیابوونەوەی تەواو.
هەروەها وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوی تەندروستیی جیهانیی بەردەوامن لە چاودێریکردنی دۆخەکە و هەموو رێوشوێنە خۆپارێزییەکانیان گرتووەتە بەر بۆ پاراستنی هاووڵاتیان لە هەر مەترسییەک.
ڤایرۆسی هانتا، کە لەم دواییانەدا بووەتە سەردێڕی میدیا جیهانییەکان، ڤایرۆسێکی نوێ نییە و زیاتر لە 50 ساڵە لە تاقیگەکاندا تۆمار کراوە. ئەم ڤایرۆسە بە پلەی یەکەم لە رێگەی قرتێنەرەکانەوە وەکو مشک و جرج بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە و ساڵانە لە نێوان 10 بۆ 100 هەزار کەس لە جیهاندا تووشی دەبن. مەترسیدارترین جۆری ئەم ڤایرۆسە ناوی "ئاندیس"ە، کە تەنیا جۆرە توانای گواستنەوەی لە مرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکی دیکە هەبێت، ئەویش لە رێگەی لیک، سێکس، یان بەکارهێنانی هەمان جێگەی نوستن و کەرەستەی نانخواردن.
چیرۆکی سەرهەڵدانەوەی ڤایرۆسەکە بۆ کەشتییەکی گەشتیاری بەناوی "ئێم ڤی هۆندیەس" دەگەڕێتەوە، کە لە ئەرجەنتینەوە بۆ گەشتێکی 33 رۆژە بە زەریای ئەتڵەسیدا بەڕێککەوتبوو. دوای دەرکەوتنی نیشانەکان لەسەر چەند گەشتیارێک و گیانلەدەستدانی پیاوێک، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) کەوتە سەرهێڵ. دواین بەدواداچوونەکان دەریدەخەن کە 9 حاڵەتی تووشبوون لەسەر کەشتییەکە تۆمار کراون و 3 کەسیان کە خەڵکی هۆڵندا و ئەڵمانیا بوون، گیانیان لەدەستداوە. ئێستا گەشتیارانی ئەو کەشتییە بە کەرەنتینەکراوی دەگەڕێندرێنەوە وڵاتەکانیان و دەبێت بۆ ماوەی 45 رۆژ لەژێر چاودێرییەکی تونددابن.