بوونی بنکەی سەربازیی ئیسرائیل لە باشووری عێراق هەرا دەنێتەوە

سەرچاوەیەکی باڵای سەربازیی عێراق ئاشکرای کرد، لە کاتی جەنگیی دژ بە ئێران، ئیسرائیل بنکەیەکی سەربازی لە باشووری عێراق دامەزراندبوو، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراقیش بوونی بنکەیەکی وەها رەت دەکاتەوە، بەڵام پشتڕاستی دەکاتەوە، کە سەرەتای مانگی ئادار، هێزەکانی عێراق لە نێوان نەجەف و کەربەلا لەگەڵ هێزێکی بێ مۆڵەت بووەتە شەڕیان، کە فڕۆکەی جەنگی پشتیوانی کردوون.

سەرچاوەیەکی باڵای سەربازی لە حکوومەتی عێراق، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەکاتی جەنگیی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران، هێزێکی سەربازیی ئیسرائیل بۆ چەند رۆژێک بنکەیەکیان لەناوخۆی عێراق بە دروستی لە دەشتاییەکانی نوخەیب لە نێوان نەجەف و کەربەلا دامەزراندبوو. 

گوتیشی "ئەو بنکە سەربازییە بە بەردەوامی لەلایەن هێزی ئاسمانیی ئیسرائیلەوە چاودێری دەکرا بۆ ئەوەی پارێزگاریان لێ بکەن". 

هەروەها ئاماژەی بەوەشدا، لەدوای چەند رۆژێک زانیاری بەهێزە عێراقییەکان گەیشت، کە بنکەیەکی سەربازی لەو شوێنە دروستکراوە، دواتر کە هێزە عیراقییەکان گەیشتنە ناوچەکە و شەڕ و رووبەڕووبوونەوە لەنێوانیاندا هەڵگیرسا و بەهۆیەوە سەربازێکی سوپای عێراق کوژراو و برینداریشی لێکەوتەوە.

بەبۆچوونی سەرچاوە سەربازییەکەی عێراق، ئامانج لە دانانی ئەو بنکە سەربازییە بۆ پاڵپشتی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا و ئیسرائیل بووە لە هێرشەکانی سەر ئێران و گرووپە چەکدارەکان لەناوخۆی عێراق.

هەر لە بارەی ئەو بنکە سەربازییەوە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: بە وردی بەدواداچوون بۆ ئەو هەواڵ و دەنگۆیانە دەکات، کە باس لە بوونی بنکەیەکی رێگە پێنەدراو لە خاکی عێراق دەکات، بە دیاریکراویش لە دەشتایی کەربەلا و رۆژئاوای نوخەیب و نەجەف.

هەر لە راگەیەندراوەکە دا هاتووە "پێشتر پشتڕاستمان کردووەتەوە کە ئەمە پەیوەندی بە رووداوەکەی 5ـی ئاداری 2026ـەوە هەیە، کە دوو هێزی ئەمنی عێراقی لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەربەلا و نەجەفەوە جوڵەیان پێکرا و لەگەڵ هێزێکی بێ مۆڵەت و نەناسراودا کە لەلایەن فڕۆکەی جەنگییەوە پاڵپشتی دەکران، رووبەڕووبوونەوە و بە هۆیەوە ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانی عێراق کوژراو دوو ئەندامی دیکەش برینداربوون و ئۆتۆمبێلێکی سەربازی تێکشکا، هێزە بێ مۆڵەتەکەش لە ژێر فشاری هێزەکانی عێراق کشانەوە.

هەروەها جەخت دەکاتەوە "هێزەکانی عێراق بە بەردەوامی ناوچە دەشتاییەکان و بیابانەکان تاوەکوو سنووری وڵاتانی دراوسێ کێوماڵ دەکەن"، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان رایگەیاندووە، لە دوای 5ـی ئادارەوە تا ئێستا، دڵنیایی دەدەین هیچ بنکە و هێزێکی نایاسایی و بێ مۆڵەت لە خاکی عێراقدا نییە. 

هاوکات جەخت دەکاتەوە رێکاری یاسایی بەرانبەر بە هەر کەسێک دەگرنەبەر کە زانیاریی ناڕاست و نەرێنی لە بارەی سەرەوەری عێراق و دامەزراوە ئەمنییەکانییەوە بڵاو دەکاتەوە.