پەرلەمانتارێک: داوای جێگیرکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیمان بۆ شارەکانی کوردستان کردووە
ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات، هەوڵەکان بۆ پڕچەککردنی هێزی پێشمەرگە بە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکان بەردەوامن، هاوکات کار بۆ یەکسانکردنی ماف و خانەنشینیی پێشمەرگە لەگەڵ هێزە عێراقییەکان دەکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 13ی ئایاری 2026، چیمەن بارزانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەری کوردستان24ـی راگەیاند، سەرەتای ئەم هەفتەیە، لیژنەی ئاسایش و بەرگری لەگەڵ عەبدولئەمیر یارەڵڵا، سوپاسالاری عێراق کۆبووەوە.
بە گوتەی بارزانی، لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆیان لەسەر کاراکردنی ئەرکی لیوا هاوبەشەکان و دیاریکردنی کاتێک بۆ جێگیرکردنی هێزەکان لە بۆشاییە ئەمنییەکان کردووە، بۆ ئەوەی رێگری لەوە بکرێت شانە نووستووەکانی رێکخراوی داعش ئەو ناوچانە وەک خاڵی هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان بەکاربهێنن.
لەبارەی هەوڵەکان بۆ بەدەستهێنانی سیستەمی بەرگری، چیمەن بارزانی رایگەیاند، پێش شەڕی ئێران لە ساڵانی 2024 و 2025 هەرێمی کوردستان هەوڵەکانی بۆ بەدەستهێنانی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی چڕ کردبووەوە. لە بودجەی بەرگریی ئەمریکاش بۆ ئەو دوو ساڵە، رێگە دراوە پێشمەرگە بە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و دژە درۆن پڕچەک بکرێت.
گوتیشی "هەوڵەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی لە رێگەی عێراق و هاوپەیمانانەوە سیستەمی پاتریۆت دەستەبەر بکرێت، بەڵام فشاری وڵاتانی هەرێمی لەسەر بەغدا هەیە بۆ ئەوەی رێگر بێت لەم هەنگاوە و حکوومەتی عێراقیش ئەم پرسە بە دەسەڵاتی تایبەتی خۆی دەزانێت".
چیمەن بارزانی دووپاتی کردەوە، بەرگریی ئاسمانی دۆسیەیەکی سەروەرییە و داوایان کردووە پلانی نوێی پڕچەککردنی عێراق لە رووی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و رادار هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە، چونکە بەزاندنی ئاسمانی هەرێمی کوردستان پێشێلکردنی سەروەریی عێراقە.
باسی لەوەش کرد، هەروەها داوایان کردووە مووشەکی بەرگری لە ناوچە شارستانییەکانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی هاوبەش جێگیر بکرێن.
ئەو ئەندامەی پەرلەمان ئەوەشی خستە روو، هێزی پێشمەرگە بەپێی دەستوور بەشێکی جیانەکراوەیە لە سیستەمی بەرگریی عێراق و دەبێت پشکی لە هەر رێککەوتنێکی چەک هەبێت وەزارەتی بەرگریی عێراق دەیکات.
وەک خۆی گوتی، کار لەسەر رەشنووسی یاسای خانەنشینیی هێزەکانی ناوخۆ و بەرگری دەکەن، بۆ ئەوەی پێشمەرگە لە کاتی خانەنشینبووندا هاوشێوەی هێزەکانی عێراق مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و مافەکانی وەک بەرزکردنەوەی پلە، دەرماڵە و ساڵانی خزمەت پارێزراو بن.
لە ماوەی ساڵانی رابردوودا هەرێمی کوردستان رووبەڕووی چەندان هێرشی مووشەکی و درۆنی بووەتەوە، بەتایبەتی هێرشەکان بۆ سەر شاری هەولێر چڕ کرابوونەوە.
لەلایەکی ترەوە، دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017، بۆشاییەکی ئەمنیی گەورە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دروست بوو، بۆ چارەسەرکردنی ئەمەش، هەولێر و بەغدا رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی دوو لیوای هاوبەش لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق، بەڵام پرۆسەی دەستبەکاربوونیان بەهۆی کێشەی دارایی و کارگێڕییەوە چەندان جار دواخراوە.