قاسم ئەعرەجی: عێراق تەنیا بە کۆنترۆڵکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە دەمێنێتەوە

راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، قاسم ئەعرەجی، لە گوتارێکیدا بۆ ئەنجوومەنی ئەتڵەسی، جەختی لەوە کردەوە کە ئاڵنگاریی هەرە گەورەی بەردەم عێراق لەم قۆناخەدا، گواستنەوەی وڵاتە لە دۆخی تەنگەژە ئەمنییەکانەوە بۆ دۆخی کۆنترۆڵی تەواوەتی دەوڵەت بەسەر چەک و بڕیاری سیاسی و سەربازیدا.

قاسم ئەعرەجی گوتی: "چاکسازی ئەمنی تەنها پەیوەست نییە بە دۆسیەیەکی کاتییەوە، بەڵکو پەیوەستە بە سرووشتی دەوڵەتی عێراقەوە، کە پێویستە هەموو هێزێک لە چوارچێوەی دەسەڵاتی شەرعیی دەوڵەتدا کار بکات."

راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئاشکرای کرد، حکوومەتی عێراق ستراتیژییەکی درێژخایەنی لە 2024 تاوەکوو 2032 داناوە، ئامانجی سەرەکی ئەم پلانەش بونیاتنانی کەرتی ئەمنیی پیشەیییە کە تەنیا ملکەچی سەروەریی یاسا و دەسەڵاتی مەدەنی بێت، ئەعرەجی گوتیشی، "ئەگەر عێراق چەک تەنیا بەدەستی خۆیەوە نەبێت، ناتوانێت هاوبەشییەکی ستراتیژیی پتەو لەگەڵ جیهان بونیات بنێت."

لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە میکانیزمی کۆنترۆڵکردنی ئەو چەکانەی لە دەرەوەی دامەزراوەکانن، ئەعرەجی دانی بە هەستیاریی ئەم دۆسیەیەدا نا و جەختی کردەوە، "حکوومەت لە هاوسەنگییەکی ورد و سەختدایە، ئێمە لە نێوان جێبەجێکردنی یاسا و پاراستنی سەقامگیریی ناوخۆیی و رێگریکردن لە پشێویداین، بۆیە رێڕەوێک دەگرینە بەر کە بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی تێیدا پارێزراو بێت."

سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە و رۆڵی عێراق، ئەعرەجی دووپاتی کردەوە، عێراق رێگە نادات خاکی وڵاتەکەی بۆ هیچ دەستدرێژییەک بەرامبەر بە دەوڵەتانی دیکە بەکاربهێنرێت، ئەمەشی وەک پابەندبوونێکی دەستووری و سەروەری ناو برد کە هیچ لادانێکی قبوڵ ناکرێت.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ئەعرەجی پەیامێکی ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد و داوای لێکردن تێگەیشتنیان بۆ ئەو ئاڵنگارییانە هەبێت کە عێراق لە دوای روخانی داعشەوە تێی کەوتووە، هاوکات داوای لێکردن پشتیوانی لەو پڕۆژە چاکسازییانە بکەن کە ئامانجیان "عێراقێکی بەهێز، سەقامگیر و خاوەن سەروەرییە"، بەو پێیەی سەقامگیریی عێراق بەشێکە لە سەقامگیریی تەواوی ناوچەکە.