ئەمریکا: مامەڵەکردنمان لەگەڵ حکوومەتی نوێی عێراق بەندە بە هەڵوێستی بەرانبەر گرووپە چەکدارەکان
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئەمرۆ پێنجشەممە، 14ـی ئایاری2026، رایگەیاند؛ واشنتن بە وردی چاودێری پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق دەکات. هۆشداریشی دا، شێوازی مامەڵەکردنیان لەگەڵ حکوومەتی داهاتوو لەسەر بنەمای هەڵوێستی ئەو حکوومەتە بەرانبەر گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران و رۆڵیان لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا دیاری دەکرێت.
ئەم هەڵوێستەی ئەمریکا پێش دەستپێکردنی ئەو دانیشتنەی پەرلەمان دێت، بڕیارە تێیدا عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو، کابینە وەزارییەکەی یان بەشێکی پێشکەش بکات بۆ متمانەوەرگرتن. ئەمەش لەکاتێکدایە ناکۆکییە سیاسییەکان سەبارەت بە دۆسیەی چەک و بەشداری ئەو هێزانەی باڵی چەکداریان هەیە لە حکوومەتی داهاتوودا، رووی لە هەڵکشان کردووە.
گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە؛ "ئەمریکا بەردەوامە لە چاودێریکردنی پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەت؛ واشنتن سەیری کردار دەکات نەک قسە، عێراقیش لەبەردەم بژاردەیەکدایە دەبێت بڕیاری لەسەر بدات."
گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوەش کردووە: "نابێت میلیشیاکانی سەر بە ئێران هیچ رۆڵێکیان لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا هەبێت، هەروەها نابێت سامانی حکوومەتی عێراق بە هیچ شێوەیەک بۆ پاڵپشتیکردنی ئەم میلیشیایانە بەکاربهێنرێت."
ئەم لێدوانەی ئەمریکا فشارێکی زیاتر دەخاتە سەر عەلی زەیدی لە کاتژمێرەکانی کۆتایی پێش دەنگدانەکە، تێیدا هەوڵدەدات حکوومەتێک تێپەڕێنێت لەگەڵ هەڵوێستی ئەمریکا سەبارەت بە گرووپە چەکدارەکان تووشی پێکدادان نەبێت، و لە هەمان کاتدا هاوسەنگی هێزەکانی "چوارچێوەی هەماهەنگی" تێکنەدات کە کاندیدیان کردووە بۆ پێکهێنانی حکوومەت.
سەرچاوە سیاسییەکان باسیان کردووە، دۆسیەی سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا بووەتە یەکێک لە گرێکوێرە سەرەکییەکانی بەردەم راگەیاندنی کابینەکە، بەهۆی ئەوەی هەندێک لە گرووپە چەکدارەکان رەتیدەکەنەوە بێ مەرج چەکەکانیان ڕادەست بکەن یان تێکەڵ بە هێزە فەرمییەکان بن.
هاوکات لەگەڵ ئەم هەڵوێستەی ئەمریکا، بزووتنەوەی "سادقون" (باڵی سیاسی عەسائیب ئەهلولحەق) رایگەیاند؛ بەشدارییان لە حکوومەتەکەی زەیدی دوای تاوتوێکردنی "دۆسیەی چەک بەپێی دیدگای مەرجەعیەت" بڕیاری لەسەر دەدرێت.