بەیژینگ.. لووتکەی نێوان شی جین پینگ و دۆناڵد ترەمپ دەستیپێکرد
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی ئایاری 2026، کارەکانی لووتکەی نێوان شی جین پینگ، سەرۆکی چین و دۆناڵد ترەمپ، هاوتا ئەمریکییەکەی لە بەیژینگ دەستیپێکرد، ئەمەش لەنێوەندی چاوەڕوانییەکان بۆ ئەنجامی گفتوگۆکان کە دۆسیەی جەنگی ئێران، بازرگانی، ژیریی دەستکرد و تایوان لەخۆدەگرێت.
شی جین پینگ لە دەستپێکی گفتوگۆکاندا رایگەیاند؛ جیهان شایەتی گۆڕانکاری خێرایە و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بە قۆناخێکی ئاڵۆزدا تێدەپەڕن، جەختیشی کردەوە، بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێوان چین و ئەمریکا لە قەبارەی ناکۆکییەکانی نێوانیان گەورەترن.
ئاماژەی بەوەشکرد "سەقامگیری پەیوەندییەکانی چین و ئەمریکا دەستکەوتێکە بۆ جیهان"، هیوای خۆشی دەربڕی بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا لەگەڵ ترەمپ سەبارەت بە پرسە سەرەکییەکانی جێی بایەخی هەردوو وڵات و جیهان.
سەرۆکی چین جەختی کردەوە، "هاوکاری سوود بە هەردوولا دەگەیەنێت، لە کاتێکدا رووبەڕووبوونەوە زیانیان پێدەگەیەنێت"، داواشی کرد پەکین و واشنتن ببنە "هاوبەش نەک نەیار".
سەبارەت بە پرسی تایوان، شی هۆشداری دا، "خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم پرسەدا رەنگە هەردوو وڵات بەرەو پێکدادان یان تەنانەت ململانێ" ببات، وەک ئەوەی گواستوویەتییەوە، ئەو پرسەی بە "گرنگترین پرس لە پەیوەندییەکانی چین و ئەمریکا" وەسف کرد.
لای خۆیەوە، ترەمپ لە میانی کۆبوونەوەکەدا، رایگەیاند؛ پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات "لە هەر کاتێک باشتر دەبن"، گوتیشی: "داهاتوویەکی نایابمان پێکەوە دەبێت".
ترەمپ ستایشی سەرۆکی چینی کرد و بە سەرکردەیەکی گەورە وەسفی کرد، جەختیشی کردەوە، وەفدی یاوەری کەسایەتییە ئابوورییە دیارەکان لەخۆدەگرێت کە چاویان لە بەهێزکردنی بازرگانی و کار لە نێوان هەردوو وڵاتدایە.