دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی بەڕێوەدەچێت

لاهور شیخ جەنگی
لاهور شیخ جەنگی

بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی ئایاری 2026، کاتژمێر 10:00ـی بەیانی، دادگای دووی تاوانەکانی سلێمانی دانیشتنێکی دیکە بۆ دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی و ژمارەیەک تۆمەتباری دیکەی پەیوەست بە "رووداوەکەی لالەزار" ئەنجام بدات.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، ئارام بەختیار، دانیشتنەکەی ئەمڕۆ جیاواز دەبێت لە دانیشتنەکانی پێشوو؛ بڕیارە دادگا وتەی تۆمەتباران وەربگرێت کە بەپێی ماددەی 56 لە یاسای سزادانی عێراقی تۆمەتبار کراون. ئەمەش دوای ئەوە دێت، پێشتر لە دەزگای ئاسایش وتەیان لێ وەرگیرابوو، بەڵام ئەمڕۆ بە شێوەیەکی فەرمی لەبەردەم دادوەر وتەکانیان تۆمار دەکرێت.

سەبارەت بە لایەنی سکاڵاکار، زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەدەن، پێناچێت هەریەک لە (باڤڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی) وەک دوو کەسایەتی سیاسی دیاری سنوورەکە، لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی دادگادا ئامادە بن.

دۆسیەی لالەزار تا ئێستا چەندین جار بەهۆی هۆکاری جیاوازەوە دواخراوە، ئەمەش گومان و نیگەرانی لای تیمی بەرگری دروست کردووە. لەمبارەیەوە ئەندامێکی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاندبوو: "ئێمە هەموو ئامادەکارییەکی یاساییمان کردووە بۆ ئەوەی پڕۆسەکە بەبێ چەقبەستوویی بەڕێوەبچێت."

ناوبراو هۆشداریشی دا، ئەگەر جارێکی دیکە دانیشتنەکە پەکبخرێت یان دوابخرێت، ئەوا وەک نیشانەیەک بۆ "سستی و دەستوەردان لە رێڕەوی دادپەروەری" لێکدەدەنەوە.

ئێستا چاوی لایەنەکان و تیمی پارێزەران لەسەر بڕیاری دادوەرە؛ ئایا دادگای سلێمانی ئەمڕۆ قۆناخی لێکۆڵینەوەکان یەکلایی دەکاتەوە و پەڕاوەکە رەوانەی دادگای پێداچوونەوە لە هەولێر دەکات، یان پڕۆسەکە بەرەو ئاراستەیەکی دیکەی درێژخایەن هەنگاو دەنێت؟

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی و تۆمەتبارانی دیکە لە دادگای سلێمانی بەڕێوەچوو، دانیشتنەکەش بۆ 14ی ئەم مانگە واتە ئەمڕۆ پێنجشەممە دواخرا.

پێشتر دانا تەقیەدین ئەندامی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی بە کوردستان24ی راگەیاندبوو، دوو تۆمەت خراونەتە پاڵ لاهور شێخ جەنگی، یەکێکیان بە گوێرەی ماددەی 56 کە تێیدا لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای و 10 کەسی دیکە بە هەوڵی کوشتن و کودەتا تۆمەتبار کراون، جگە لە دۆسیەیەکی دیکە کە ماددەی 406."

دانا تەقیەدین جەختی کردەوە، "مۆرکی یاسایی لە کەیسەکەدا زۆر لاوازە، بەڵام مۆرکێکی سیاسی بەهێزی هەیە، چونکە دەبوو پۆلیس بچێتە سەریان بۆ دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی و تۆمەتبارانی دیکە، بەڵام هێزی حزبی و کۆماندۆ و ئاسایش بەکارهێنراون.

رۆژی دووشەممە، 20ـی نیسانی 2026، موحسین خۆشناو، پاسه‌وانی لاهور شێخ جه‌نگی و 11 ده‌ستگیركراوی دیكه‌ی لاله‌زار ئازاد کران.

ئەمە لە کاتێکدابوو، رۆژی پێنجشەممە (09ـی نیسانی 2026)، 14 کەسی دیکە لە دەستگیرکراوانی لالەزار ئازاد کران، کە یاسین بەرزنجی، بەرپرسی پاراستنی ماڵی لاهور شێخ جەنگی یەکێکیان بوو. 

پێشتریش، ژمارەیەک دەستگیرکراوی دیکە ئازاد کرابوون؛ حەوت کەس لە 3ـی مانگی شوباتی ئەم ساڵ، هەروەها لە 16-01-2026 چوار کەس و 13ـی هەمان مانگ 17 کەسی دیکە.

رۆژی 12-1-2026، بۆ یەکەم جار لاهور شێخ جەنگی برایە بەردەم دادوەر لە دادگەی سلێمانی، بەڵام دادوەر بڕیاری کۆتایی لە دۆسیەکەی نەدا و رایگەیاند، بۆ وردبینی دۆسیەکە رەوانەی دادگەی تێهەڵچوونەوەی هەرێمی کوردستان لە هەولێر دەکرێت.

 شەوی 22ـی ئابی 2025، لە دەوروبەری هۆتێل لالەزار لە سلێمانی، شەڕێکی قورس لەنێوان هێزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەسەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی و چەکدارانی سەر بە لاهور شێخ جەنگی روویدا. 

لە دوای رووبەڕووبوونەوەیەک کە چەند کاتژمێرێکی خایاند، لاهور شێخ جەنگی و دەیان کەس لە لایەنگرانی دەستگیرکران. لە ئەنجامی ئەو پێکدادانەدا، چەندین کەس لە هەردوولا کوژران و بریندار بوون.