بە ئامادەبوونی دوو کونسوڵ، دادبینیی لاهور شێخ جەنگی و دەستگیرکراوانی لالەزار دەستیپێکرد
کاتژمێر 10:00ـی بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی ئایاری 2026، دادبینی لاهور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای، و دەستگیرکراوانی لالەزار لە دادگای دووی تاوانەکانی سلێمانی دەستیپێکرد.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئارام بەختیار، پەیامنێری کوردستان24، هەر یەکە لە کونسوڵانی بەریتانیا و هۆڵەنداش لە دانیشتنەکەدا بەشدارن. پەیامنێری کوردستان24 باسی لەوە کرد، دانیشتنەکەی ئەمڕۆ جیاواز لە دانیشتنەکانی پێشوو، تایبەت کراوە بە وەرگرتنی وتەی تۆمەتباران بە شێوەیەکی فەرمی لەبەردەم دادوەردا. تۆمەتبارانی ئەم کەیسە بەگوێرەی ماددەی 56 لە یاسای سزادانی عێراقی تۆمەتبار کراون؛ هەرچەندە پێشتر لە دەزگای ئاسایش وتەیان لێ وەرگیرابوو، بەڵام ئەمڕۆ وتەکانیان لە چوارچێوەیەکی یاسایی و لەبەردەم دادگادا تۆمار دەکرێت.
ئەم دانیشتنەی دادگا بایەخێکی نێودەوڵەتی پێدراوە، بە جۆرێک کونسڵی وڵاتانی بەریتانیا، هۆڵەندا و نوێنەری چەند وڵاتێکی دیکە وەک چاودێر لە هۆڵی دادبینی ئامادە بوون بۆ لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە بەڕێوەچوونی رێکارە یاساییەکانی دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی و دەستگیرکراوانی دیکەی رووداوەکەی لالەزار. بەڵام لایەنی سکاڵاکار، هەریەک لە (باڤڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی) کە دوو کەسایەتی سیاسی دیاری سنوورەکەن، دووبارە لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی دادگا ئامادە نەبوون.
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، 07ـی ئایار، یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی و تۆمەتبارانی دیکە لە دادگای سلێمانی بەڕێوەچوو، دانیشتنەکەش بۆ 14ی ئەم مانگە واتە ئەمڕۆ پێنجشەممە دواخرا.
پێشتر دانا تەقیەدین ئەندامی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی بە کوردستان24ی راگەیاندبوو، دوو تۆمەت خراونەتە پاڵ لاهور شێخ جەنگی، یەکێکیان بە گوێرەی ماددەی 56 کە تێیدا لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای و 10 کەسی دیکە بە هەوڵی کوشتن و کودەتا تۆمەتبار کراون، جگە لە دۆسیەیەکی دیکە کە ماددەی 406."
دانا تەقیەدین جەختی کردەوە، "مۆرکی یاسایی لە کەیسەکەدا زۆر لاوازە، بەڵام مۆرکێکی سیاسی بەهێزی هەیە، چونکە دەبوو پۆلیس بچێتە سەریان بۆ دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی و تۆمەتبارانی دیکە، بەڵام هێزی حزبی و کۆماندۆ و ئاسایش بەکارهێنراون.
رۆژی دووشەممە، 20ـی نیسانی 2026، موحسین خۆشناو، پاسهوانی لاهور شێخ جهنگی و 11 دهستگیركراوی دیكهی لالهزار ئازاد کران.
ئەمە لە کاتێکدابوو، رۆژی پێنجشەممە (09ـی نیسانی 2026)، 14 کەسی دیکە لە دەستگیرکراوانی لالەزار ئازاد کران، کە یاسین بەرزنجی، بەرپرسی پاراستنی ماڵی لاهور شێخ جەنگی یەکێکیان بوو.
پێشتریش، ژمارەیەک دەستگیرکراوی دیکە ئازاد کرابوون؛ حەوت کەس لە 3ـی مانگی شوباتی ئەم ساڵ، هەروەها لە 16-01-2026 چوار کەس و 13ـی هەمان مانگ 17 کەسی دیکە.
رۆژی 12-1-2026، بۆ یەکەم جار لاهور شێخ جەنگی برایە بەردەم دادوەر لە دادگەی سلێمانی، بەڵام دادوەر بڕیاری کۆتایی لە دۆسیەکەی نەدا و رایگەیاند، بۆ وردبینی دۆسیەکە رەوانەی دادگەی تێهەڵچوونەوەی هەرێمی کوردستان لە هەولێر دەکرێت.
شەوی 22ـی ئابی 2025، لە دەوروبەری هۆتێل لالەزار لە سلێمانی، شەڕێکی قورس لەنێوان هێزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەسەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی و چەکدارانی سەر بە لاهور شێخ جەنگی روویدا.
لە دوای رووبەڕووبوونەوەیەک کە چەند کاتژمێرێکی خایاند، لاهور شێخ جەنگی و دەیان کەس لە لایەنگرانی دەستگیرکران. لە ئەنجامی ئەو پێکدادانەدا، چەندین کەس لە هەردوولا کوژران و بریندار بوون.