نێچیرڤان بارزانی: پێويسته حكوومهتى عێراق قهرهبووى قوربانييانى ئهنفال بكاتهوه
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جەختی لە پێویستی قەرەبووکردنەوەی ماددى و مهعنهويى قوربانييانى ئهنفال لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە کردەوە. هاوکات پێشوازیی لە بڕیاری دادگا بۆ سزادانی تاوانبار (عەجاج تکریتی)، جەللادەکەی نوگرەسەلمان کرد.
پێنجشەممە، 14ـی ئایاری 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، لە پەیامێکدا پێشوازیی لە بڕیاری دادگا بۆ سزادانی تاوانبار (عەجاج تکریتی)، جەللادەکەی نوگرەسەلمان کرد.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هەر لە بارەی بڕیارەکەی دادگا نووسیویەتی: ئەم بڕیارە سەرکەوتن و جێبهجێبوونى دادپەروەری و لانى كهمى دڵدانهوهى کەسوکاری ئەنفالکراوانه.
هاوکات، دەستخۆشی لە دادوەران، پارێزەران، شایەتحاڵە بوێرەکان و ههموو ئهوانه کرد كه هاوكار بوون له گهياندنى تاوانبار به سزاى ياسايى.
نێچیرڤان بارزانی، ئاماژەی بەوە کرد، سزادانی ئەم تاوانبارە دوای چەندین ساڵ، پەیامێکی روونە کە تاوانەکانی جینۆساید و دژی مرۆڤايهتى، دهرههق به گەلی کوردستان، هەرگیز کۆن نابن و دەستی دادپەروەری هەر دەگاتە تاوانباران.
لە درێژەی پەیامەکەیەدا هاتووە، ئەمڕۆ جارێکی تر سەلمێنرا کە ئیرادەی ماف و ژیان، لە هەموو ستەم و دڕندەیيیەک بەهێزترە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هەر بەم بۆنەیەوە جەختی لەوە کردەوە، كه پێويسته حكوومهتى عێراقى فيدراڵى ئهركى خۆى جێبهجێ بكات و قهرهبووى ماددى و مهعنهويى قوربانييانى ئهنفال بكاتهوه كه دادگاى باڵاى تاوانهكانى عێراق به جينۆسايد ناساندوويهتى.
لە کۆتایی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانیدا هاتووە، یادی شەهیدانی ئەنفال و تەواوی شەهیدانی کوردستان هەمیشە بەرز و گيانيان شاد و ئاسووده بێت.
ئەمرۆ، دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق، سزای لەسێدارەدانی بۆ تاوانبار 'عەجاج ئەحمەد حەردان' ناسراو بە "جەللادی ئەنفال" و یەکێک لە بەرپرسەکانی رژێمی پێشووی بەعس دەرکرد، ئەمەش دوای ساغبوونەوەی تۆمەتەکانی پەیوەست بە ئەنجامدانی تاوانی جینۆساید دژی دەستبەسەرکراوانی زیندانی نوگرەسەلمان.
عەجاج تکریتی بۆ ماوەی 38 ساڵ لە رێگەی نەشتەرگەری جوانکاری، گۆڕینی ناو و شێوەی خۆی و حەشارانی لە گوندێکی دوورەدەست وەک شوان، هەوڵی دابوو لە چاوی یاسا ون بێت.
لە دانیشتنی پێشوودا عەجاج هەوڵیدا نکوڵی لە تاوانەکانی بکات، بەڵام دادوەر بە بەڵگەوە وەڵامی دایەوە و دانپێدانانەکانی پێشتری بەبیری هێنایەوە کە تیایدا کوردی ئەنفالکراوی وەک "خەڵکی ئێران" ناساندبوو تاوەکو رەوایی بدات بە ئەشکەنجەدانیان.
ئەم بڕیارەی دادگا وەک سەرکەوتنێکی گەورە بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوان و رزگاربووانی نوگرەسەلمان هەژمار دەکرێت، کە ساڵانێکی زۆر بوو چاوەڕوانی دادپەروەری بوون.
هەینی 1ـی ئابی 2025، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کردبوو، دوای لێکۆڵینەوە وردی هەواڵگری کە زیاتر لە شەش مانگی خەیاندووە، مەفرەزەکانی ئاسایشی نیشتمانیی لە پارێزگای موسەننا، بە هەماهەنگیی لەگەڵ ئاسایشی باشووری سەڵاحەددین، توانیان یەكێک لە دیارترین تاوانبارە هەڵاتووەکانی رژێمی پێشووی عێراق، لە پارێزگای سەلاحەدین دەستگیر بکەن، کە ناوی عەجاج ئەحمەد حەردانە و ناسرابوو بە 'جەللادەکەی بەندیخانەی نوگرەسەلمان'.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، ئاماژەی بەوەش کردبوو، کارەکانی جەللادەکەی نوگرەسەلمان بریتیبوون لە؛ ئەشکەنجدان، کوشتن و زیندەبەچاڵکردنی هاووڵاتییان هەروەها دەستدرێژی کردووەتە سەر ئافرەتە دەستگیرکاوەکانی بەندیخانەکە.
عەجاج ئەحمەد کێیە؟
ناوی تەواوی عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی بوو، ناسرابوو بە 'جەلادەکەی بەندیخانەی نوگرەسەلمان'، لە هۆزی ئەلبوناسر لە تیرەی "نزار"ە، یەکێک بووە لە سەرپەرشتیارانی زیندانی نوگرەسەلمان لە پارێزگای موسەننا و یەکێکە لە تێوەگلاوانی ئەنفال لە ساڵی 1988.
عەجاج، دوای رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003 لە کەرکووکەوە ڕووی لە سووریا کردووە و لە ناوچەی جەرەمانە لە نزیک دیمەشق نیشتەجێ بووە، خاوەنی سێ کوڕە و دوو لە کوڕەکانی ئەندامی قاعیدە بوون و لە پێکدادانێکدا لە ناوچەی زلوعییە لە نزیک سەلاحەدین کوژراون.
عەجاج ئەحمەد، دوای 37 ساڵ لە تاوانەکانی جینۆسایدکردن و ئەنفالکردنی کورد، لە 31ـی تەمموزی 2025 لە لایەن دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق دەستگیر کرا.