وەزارەتی ناوخۆ رێکارەکانی رێگری لە زێدەڕۆیی توندتر دەکات و لیژنەی باڵا پێکدەهێنێت
بە فەرمانی وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رێکارەکانی رێگری و لابردنی زێدەڕۆیی لەسەر موڵک و ماڵی دەوڵەت توندتر دەکرێن و لیژنەی تایبەت بە دەسەڵاتی تەواوەوە لەسەر ئاستی پارێزگا، قەزا و ناحیەکان پێکدەهێنرێن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی ئایاری 2026، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی فەرمانێکی وەزاری کە بە واژووی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ لە رێککەوتی 13ـی ئایاری 2026،دەرچووە، بریاردرا بە توندکردنەوەی رێکارەکانی رێگری لە سەرپێچی و زێدەڕۆیی لەسەر موڵک و ماڵی دەوڵەت، دارستان، پاوان، حەرەمی شەقامەکان، بەنداو و رووبارەکان. ئەم بڕیارە دوای کۆبوونەوەی وەزارەتی ناوخۆ لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵ، پارێزگارەکان و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆکان هاتووە.
پێکهێنانی لیژنەکان و دەسەڵاتەکانیان:
1. لەسەر ئاستی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان: لیژنەیەک بە سەرۆکایەتی ئەفسەرێکی چالاکی پۆلیس و ئەندامییەتی نوێنەرانی ئاسایش، پۆلیسی دارستان، شارەوانی و کشتوکاڵ پێکدەهێنرێت و راستەوخۆ بە پارێزگار یان سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆوە دەبەسترێتەوە.
2. لەسەر ئاستی قەزا و ناحیەکان: لیژنەی لاوەکی پێکدەهێنرێن بە سەرۆکایەتی ئەفسەرێکی پۆلیسی دارستان و نوێنەرایەتی لایەنە پەیوەندیدارەکان، کە دەسەڵاتی تەواوی بەدواداچوون و راگرتنی دەستبەجێی هەموو جۆرە زێدەڕۆییەکیان دەبێت.
بەپێی فەرمانە نوێیەکەی وەزارەتی ناوخۆ، هەر کەسێک زێدەڕۆیی بکات، ئاگادار دەکرێتەوە کە لە ماوەی (24) کاتژمێردا سەرپێچییەکە رابگرێت و لای ببات. ئەگەر پابەند نەبێت:
دەستبەجێ کەیسی یاسایی بۆ دەکرێتەوە و بە بڕیاری دادوەر دەستگیر دەکرێت.
تا زێدەڕۆییەکە لانەبرێت، بە هیچ جۆرێک زێدەڕۆکار بە کەفالەت ئازاد ناکرێت.
تێچووی لابردنی زێدەڕۆییەکە لە ئەستۆی سەرپێچیکار خۆی دەبێت.
وەزارەتی ناوخۆ هۆشداری دەداتە سەرجەم یەکە کارگێڕییەکان و فەرمانبەران، کە هەر جۆرە کەمتەرخەمی، ئاسانکاری یان چاوپۆشی کردن لە زێدەڕۆیی، دەبێتە هۆی گرتنەبەری رێکاری یاسایی توند بەرانبەر فەرمانبەر یان بەرپرسی سەرپێچیکار.
ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ پاراستنی سامانی گشتی و رێگریکردن لە تێکدانی ژینگە و موڵکی دەوڵەت کە لە ساڵانی رابردوودا چەندین جار رووبەڕووی زێدەڕۆیی بوونەتەوە.