هاوپەیمانی عەزم داوا لە هێزە سیاسییەکان دەکات بە گیانی بەرپرسیارێتی مامەڵە بکەن

دوای ئەوەی بەشێک لە کاندیدەکانی بۆ وەزارەتەکان دەنگی پێویستیان بەدەست نەهێنا، هاوپەیمانی عەزم رایگەیاند، دەبێت پێداچوونەوەی جددی بۆ متمانەدان بە کابینەکەی عەلی زەیدی بکرێت.

نووسینگەی ڕگەیاندنی هاوپەیمانیی عەزم لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا پیرۆزبایی لە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی نوێ کرد بەبۆنەی بەدەستهێنانی متمانەی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ کابینە وزارییەکەی.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە "پشتگیریکردنی هاوپەیمانیی عەزم بۆ تێپەڕاندنی حکومەت لە روانگەی بەرپرسیارێتی نیشتمانی و پەرۆشیمان بۆ سەقامگیریی دەوڵەت و تەواوکردنی ئیستحقاقە دەستوورییەکان بووە، بۆ ئەوەی وڵات لە هەر چەقبەستووییەکی سیاسی یان گرژییەک بپارێزرێت کە رەنگدانەوەی خراپی لەسەر بارودۆخی گشتی هەبێت."

هاوکات، هاوپەیمانیی عەزم ئاماژەی بەوەش کردووە، متمانە نەدان بە بەشێک لە کاندیدەکانی ئەوان و هێزە سیاسییەکانی دیکە، بابەتێکە کە پێویستی بە پێداچوونەوەیەکی سیاسیی جددی هەیە، بە جۆرێک کە بنەمای شەراکەت و هاوسەنگیی سیاسی بپارێزرێت و رێز لەو ئیستحقاقانە بگیرێت کە پرۆسەی هەڵبژاردن و لێکتێگەیشتنە سیاسییەکان بەرهەمیان هێناوە.

هەروەها عەزم داوا لە هێزە سیاسییەکان دەکات بە گیانی بەرپرسیارێتی نیشتمانییەوە مامەڵە بکەن و کار بۆ چارەسەرکردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان بکەن، بە جۆرێک کە سەقامگیریی سیاسی بپارێزرێت و رێگری لە هەر رێڕەوێک بگیرێت کە ببێتە هۆی زیادبوونی گرژییەکان یان زیانگەیاندن بە هاوسەنگیی نیشتمانی.

دوێنێ پێنجشەممە، 14ـی ئایاری 2026، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەشێک لە سەرکردە سیاسییە باڵاکانی عێراق، پەرلەمانی عێراق کاتژمێر 5:45 خولەکی ئێوارە بە مەبەستی دەنگدان لەسەر کابینەی نوێی حکوومەت کۆبووەوە.

بە پێی زانیارییەکان، لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا 166 پەرلەمانتار ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون، بەڵام دواتر رێژەکە بەرزبووەوە بۆ 270 پەرلەمانتار.

هەروەها دوای متمانەدان بە 14 وەزیری کابینەکەی زەیدی، بەهۆی ناکۆکی نێوان پەرلەمانتارانی شیعە و سوننە پەلاماردانی نێوان پەرلەمانتاران هەردوو پێکهاتە بە بۆکس، لەسەر دەنگدان بە کاندیدانی وەزارەتەکانی ناوخۆ، پلاندانان و خوێندنی باڵا، پڕۆسەی دەنگدان راگیرا.