عەباس عێراقچی: نامانەوێت ببینە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و گەرەنتیی ئاسایشی گەرووی هورمز دەدەین

وەزیری دەرەوەی ئێران دووپاتی دەکاتەوە کە وڵاتەکەی هیچ نیازێکی بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نییە و بەرنامە ئەتۆمییەکەیان تەنیا بۆ مەبەستی ئاشتییانەیە، راشیدەگەیەنێت کە دوای کۆتاییهاتنی "دەستدرێژییەکانی ئەمریکا"، رێڕەوی گەرووی هورمز بۆ هەموو کەشتییەکان ئارام دەبێت.

رۆژی هەینی 15ی ئایاری 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران،  سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمیی وڵاتەکەی رایگەیاند: "ئێمە نامانەوێت ببینە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و ئەمە سیاسەتی ئێمە نییە، بەڵکو ئێمە خاوەنی بەرنامەیەکی ئەتۆمیی ئاشتییانەین."

وەزیری دەرەوەی ئێران لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە ئاڵۆزییەکانی نێوان تاران و واشنتن کرد و گوتی: "کاتێک دەستدرێژییەکانی ئەمریکا کۆتاییان بێت، هەموو شتێک دەگەڕێتەوە باری ئاسایی خۆی."

عێراقچی جەختی لەوەش کردەوە، کە وڵاتەکەی ئامادەکاریی پێویست دەکات بۆ دابینکردنی رێڕەوێکی ئارام بۆ هەموو جۆرە کەشتییەک لە گەرووی هورمزدا، بەو مەرجەی بارودۆخی ناوچەکە ئاسایی ببێتەوە و گوشارەکانی ئەمریکا کۆتاییان بێت.

ئەم لێدوانانەی وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاتێکدایە، کە ناوچەکە بە بارودۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بەردەوامن.