ئیسرائیل بە ئامانجگرتنی عیزەدین حەدادی راگەیاند

سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ئاشکرایان کرد، کە عیزەدین حەداد، فەرماندەی باڵی سەربازیی حەماس کە بە یەکێک لە داڕێژەرانی هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەر دادەنرێت، لە شاری غەززە کراوەتە ئامانج.

هەینی، 15ـی ئایاری 2026، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیران و یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، لە راگەیەنراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند: کە سوپای ئیسرائیل لە ناو شاری غەززە، عیزەدین حەدادی کردووەتە ئامانج، کە فەرماندەی باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماسە و بە یەکێک لە داڕێژەرانی سەرەکیی هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەر هەژمار دەکرێت.

لە راگەیەنراوێکی هاوبەشدا کە لە لایەن هەردوو بەرپرسەکەوە بڵاو کراوەتەوە، هاتووە: "حەداد بەرپرسیار بووە لە کوشتن، رفاندن و ئازاردانی هەزاران هاووڵاتیی مەدەنی و سەربازی سوپای ئیسرائیل، هەروەها رەتی کردبووەوە ئەو رێککەوتنە جێبەجێ بکات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بۆ داماڵینی چەکی حەماس و داماڵینی کەرتی غەززە لە چەک، سەرکردایەتی دەکرد."

 

عیزەدین حەداد کێیە؟

عیزەدین حەداد لە ساڵی 1970 لە غەززە لەدایکبووە، و لە ساڵی 1987 پەیوەندی بە بزووتنەوەی حەماسەوە کردووە. لەناو بزووتنەوەکەدا بە قۆناغەکانی سەرکردایەتیی سەربازییدا تێپەڕیوە؛ لە فەرماندەی دەستە و کەتیبەوە دەستی پێکردووە تاوەکو گەیشتووەتە پۆستی فەرماندەیی لیوای غەززە.

حەداد بە "ئەبو سوهەیب" و "تارمایی قەسام" (شبح القسام) ناسرا بوو، هەروەها یەکێک بوو لە دیارترین ئەو فەرماندە سەربازییانەی کە لە غەززە مابووەوە.

حەداد پۆستی فەرماندەی لیوای شاری غەززە و ئەندامی "ئەنجوومەنی سەربازی"ـی لەناو کەتیبەکانی قەسامدا وەرگرتبوو. هاوکات، بە یەکێک لە داواکراوترین کەسایەتییەکان لە لایەن ئیسرائیلەوە هەژمار دەکرا، ئەمەش پاش ئەوەی لە چەندین هەوڵی تیرۆرکردنی پێشوو رزگاری ببوو.

راپۆرتە ئیسرائیلییەکان ئاماژە بەوە کردبوو، کە حەداد رۆڵێکی میحوەریی گێڕاوە لە دووبارە بونیادنانەوەی ژێرخانی سەربازیی کەتیبەکانی قەسام، هەروەها سەرپەرشتیی پرۆسەی پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی مووشەکی دژە زرێپۆشی جۆری "یاسین 105"ی کردووە.

گرنگیی ئەم سەرکردەیە بۆ ئیسرائیل هێندە زۆر بووە کە لە تشرینی دووەمی 2023ـدا، ئیسرائیل بڕی 750 هەزار دۆلاری وەک پاداشتێکی دارایی راگەیاند بۆ هەر کەسێک کە زانیارییەک بدات ببێتە هۆی دۆزینەوەی شوێنەکەی.

لە دوایین پێشهاتەکانی پەیوەست بە خێزانەکەشیدا، لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2025، کوژرانی سوهەیب حەدادی کوڕی لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا راگەیەندرا، کە گەڕەکی توفاحی لە رۆژهەڵاتی شاری غەززە کردبووە ئامانج.