کوژرانی کەسی دووەمی ناو داعش راگەیەندرا

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند، ئەبو بیلال مینکی، کەسی دووەمی داعش بە هاوکاری حکوومەتی نەیجیریا کوژراوە.

ئەمڕۆ شەممە، 16ـی ئایاری 2026، دۆناڵد ترمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی 'تروس سۆشیاڵ' نووسیویەتی، هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا و نەیجیریا، لەژێر رێنمایی مندا، ئەرکێکی زۆر ئاڵۆز و وردبینانەیان ئەنجامداوە بۆ لەناوبردنی مەترسیدارترین تیرۆریستی جیهان لە بەرەکانی شەڕدا.

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەبو بیلال مینکی کە بە پیاوی دووەمی رێکخراوی داعش دادەنرێت لەسەر ئاستی جیهان، پێیوابوو توانیویەتی لە ئەفریقا خۆی بشارێتەوە، بەڵام نەیدەزانی سەرچاوە هەیە چاودێری جموجۆڵەکانی دەکات." 

ترەمپ لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت، چیتر خەڵکی ئەفریقا تیرۆر ناکرێت، چیتر مینکی هاوکاری پلاندانانی ئۆپەراسیۆنەکان ناکات کە ئەمریکییەکان دەکەنە ئامانج، جەختیشی کردەوە، دوورخستنەوەی ئەو بووە هۆی دابەزینی بەرچاوی ئۆپەراسیۆنە جیهانییەکانی داعش.

هەروەها ئیبراھیم عەواد ئیبراھیم عەلی سامەڕایی ناسراو بە ئەبوبەکر بەغدادی لە ساڵی 2013 وەک یەکەمین خەلیفەی رێکخراوی داعش خۆی ناساند و تا 2019 بەردەوام بوو، ئەمریکا بۆ کوشتن یان گرتنی بەغدادی 10 میلیۆن دۆلاری وەک خەڵات تەرخانکردبوو.

هەروەها لە 26ـی تشرینی یەکەمی 2019، لەلایەن ھێزەکانیئەمریکا لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە سووریا کوژرا، لە 27ـی تشرینی یەکەمی 2019 سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ ھەواڵی کوژرانی پشتڕاست کردەوە.