زەیدی، مۆڵەتی هەفتەیەک دەداتە وەزیرەکان بۆ ئاشکراکردنی سەروەت و سامانیان

حکوومەتی عێراق بڕیاری پێکهێنانی "ئەنجوومەنی سەقامگیریی دارایی" دا

کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، دەستی بە کارەکانی کرد و سەرۆکوەزیران مۆڵەتی کورتخایەنی بە وەزیرەکان دا، بۆ ئاشکراکردنی سەروەت، سامانیان و دانانی پلانی وەزارەتەکانیان بۆ چاکسازیی ئابووری و خزمەتگوزاری.

شەممە، 16ـی ئایاری 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق سەرپەرشتیی یەکەمین کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی کرد و تێیدا پاکێجێک رێنمایی ئاراستەی وەزیرەکان کرد.

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، زەیدی پاکێجێک لە رێنمایی و راسپاردەی ئاراستەی وەزیرەکان کرد، کە وەک نەخشەڕێگایەک دەبێت بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی حکوومەت، ئامانجەکان و پێشینەکانی کارکردنی کە خزمەت بە هاووڵاتییان دەگەیەنێت، هەروەها دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاری و ئابووری و پەرەپێدانی ئاستی کارکردنی دامەزراوەیی.

بە پێی راگەیەنراوەکە، سەرۆکوەزیران فەرمانی کرد بە داڕشتنی سیاسەتێکی ئابووریی گشتگیر بۆ وڵات و پێکهێنانی "ئەنجوومەنی سەقامگیریی دارایی". هەروەها جەختی کردەوە کە وەزارەتی نەوت نابێت تەنیا وەزارەتێک بێت بۆ فرۆشتنی نەوتی خاو، بەڵکو دەبێت ببێتە وەزارەتێکی خاوەن بەهای زیادکراو بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان، هەناردەکردن و پەرەپێدانی کەرتی نەوت.

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی راسپارد کە بە پەلە راپۆرت و کارنامە ئامادە بکات سەبارەت بە دۆسیەکانی کاراکردنەوەی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ دەوروبەری عەرەبی، هەرێمی و نێودەوڵەتی.

سەبارەت بە وەزارەتی کارەباش، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق، جەختی کردەوە کە پێویستە دوو کارنامە ئامادە بکرێت؛ یەکەمیان بۆ چارەی خێرا بە مەبەستی مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانی کارەبا لەم هاوینەدا و، ئەوەی دیکەشیان درێژخایەن بێت بۆ چارەکردن و پەرەپێدانی تۆڕی کارەبا. هەروەها وەزارەتی تەندروستیی راسپارد بۆ کاراکردنی یاسای بیمەی تەندروستی.

سەبارەت بە کەرتی پەیوەندییەکان و گواستنەوە، زەیدی فەرمانی کرد بە کارکردنی چڕ بۆ تەواوکردنی پرۆسەی گۆڕانکاریی دیجیتاڵی و حوکمڕانیی ئەلیکترۆنی بە شێوەیەکی گشتگیر.

جەختی لەوەش کردەوە، کە پێویستە وەزارەتی گواستنەوە بەشدارییەکی کارا بکات لە پاڵپشتیکردنی ئابووریی وڵات و بەرزکردنەوەی بودجەی دەوڵەت، ئەمەش لە رێگەی هێڵێکی دەستپێکی روون و دیاریکراو لە جێبەجێکردنی "رێگەی گەشەپێدان" و خێراکردن لە بەستنەوەی عێراق بە زنجیرەکانی بازرگانیی جیهانییەوە.

 

رێنمایی و راسپاردەکانی عەلی زەیدی:

-لە یەک هەفتەدا وەزیرەکان راپۆرتی سامانەکانیان پێشکەش بکەن.

-رێکارەکانی گۆڕانکاریی لە وەزارەتەکان راگیران.

-دیاریکردنی پێشینەکانی کارکردن بۆ هەر وەزارەتێک لە ماوەی (30) رۆژی کارکردندا، بۆ ئەوەی بخرێتە ناو بەرنامەی کاری حکوومەت.

-هەڵبژاردنی بەڕێوەبەری نووسینگەی وەزیر تەنیا لە نێو فەرمانبەرانی خودی وەزارەتەکەدا بێت.

-مامەڵەکردن لەگەڵ باڵیۆزە عەرەبی و بیانییەکان لە چوارچێوەی رێکارە فەرمییەکان و بە ئامادەبوونی نوێنەری وەزارەتی دەرەوە، لەگەڵ رەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی عێراق.

-رەخساندنی بواری تەواو بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران تا رۆڵی چاودێری و یاسادانانی خۆی ببینێت و پەیوەندی لەگەڵ لیژنە پەرلەمانییەکان بپارێزرێت.

-دۆزینەوەی تێڕوانینێکی روون بۆ بەڕێوەبردنی وەزارەت و پێداچوونەوە بە رێکارەکانی تایبەت بە مامەڵەی هاووڵاتییان و ئاسانکارییان بۆ بکرێت.

-پێدانی ئەولەوییەت بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گرتنەبەری رێکارە خۆپارێزییەکان، هەروەها هاوکاریکردنی دەستەی دەستپاکی فیدراڵی و ئاسانکاریکردن بۆ کارەکانیان، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر گەڕاندنەوەی ئەو پارە عێراقییانەی براونەتە دەرەوەی وڵات.