تیمی پارێزەرانی لاهور جەنگی پەردە لەسەر کەیسێکی ئەشکەنجەدان لە زیندان لادەدەن
تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی و هاووەڵانی، لە یاداشتێکی فەرمیدا کە ئاراستەی دامەزراوە باڵاکانی هەرێم و کونسوڵخانە و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیان کردووە، ئاشکرایان کرد، کە حەمەڕەش، پێشمەرگەی لاهور لە ماوەی نۆ مانگی دەستبەسەریدا رووبەڕووی توندترین جۆرەکانی ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی بووەتەوە، و داوای دەستوەردانی خێرای پزیشکی و یاسایی دەکەن.
تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی و هاووەڵانی، لە یاداشتێکی بە پەلە و کراوەدا کە ئاراستەی هەریەک لە سەرۆکایەتیی هەرێم، ئەنجوومەنی وەزیران، ئەنجوومەنی دادوەری، کونسوڵخانەکان، نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کراوە، پەردەیان لەسەر کەیسێکی مەترسیداری پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە گرتووخانەیەکی هەرێمی کوردستان هەڵماڵی.
بە پێی راگەیەنراوی تیمەکە، پێشمەرگەی لاهور شێخ جەنگی بە ناوی "حەمەڕەش" کە ماوەی نۆ مانگە دەستبەسەرە، رووبەڕووی جۆرەها ئەشکەنجەی توندی جەستەیی و نامرۆڤانە بووەتەوە.
پارێزەران وردەکاریی ئەشکەنجەکەیان خستووەتە روو و رایانگەیاندووە کە حەمەڕەش سەرباری ئەوەی سەری شکێندراوە و پشتی بە چەقۆ بریندار کراوە، ددانەکانیشی شکێندراون و بە وتەی خۆی "لە پیاوەتی خراوە"، کە ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ شکاندنی کەرامەت و کەمئەندامکردنی هەمیشەیی زیندانییەکە وەسف کراوە.
تیمی پارێزەران جەختیان کردەوە، کە هەر شایەتیدان و دانپێدانانێک لەژێر فشاردا وەرگیرابێت هیچ بەهایەکی نییە و دادگا ناتوانێت پشتی پێ ببەستێت. هەروەها ئاماژەیان بە ماددەی 33ـی یاسای سزادانی عێراقی کردووە کە سزای توندی بۆ ئەو لێکۆڵەرانە دیاری کردووە کە دەبنە هۆی کەمئەندامبوونی هەمیشەیی یان لەدەستدانی کۆئەندامی نێرینەی تۆمەتباران و داوای ئاشکراکردن و سزادانی بکەرانی ئەم تاوانەیان کردووە.
لەسەر ئاستی کردەیی، تیمی پارێزەران رایانگەیاند کە لە یەکەمین دانیشتنی دادگادا لە رێکەوتی 14ـی ئایاری 2026، پێشبینییان دەکرد دادوەر دەستبەجێ زیندانییەکە رەوانەی پشکنینی پزیشکی بکات، بەڵام تەنیا وتەی لێ وەرگیراوە. بۆیە داوا دەکەن لەپێناو سەلامەتیی گیانیدا، حەمەڕەش دەستبەجێ لە زیندانی ئاسایشەوە بگوێزرێتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گرتن و گواستنەوەی سەر بە پۆلیس و، داواش لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەن پەلە بکەن لە پێکهێنانی لیژنەیەکی بێلایەنی پزیشکی و یاسایی بۆ لێکۆڵینەوە لەم کەیسە.