جەی دی ڤانس: گرووپە تیرۆریستییەکان پارەیان لە بودجەی ئەمریکا وەرگرتووە

جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا

جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند؛ ئەگەری هەیە گرووپە تیرۆریستییە بیانییەکان لە رێگەی کارە ساختەکارییەکانەوە پارەیان لە بودجەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستکەوتبێت.

ڤانس لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز"، سەبارەت بە حاڵەتەکانی خراپ بەکارهێنانی ئەو پارانەی بۆ بەرنامە فیدراڵییەکان تەرخانکراون، گوتی: "بەدڵنیاییەوە تۆمارمان کردووە، دەسەڵاتدارانی چەند وڵاتێکی دیکە و رێکخراوە تیرۆریستییە بیانییەکان لە رێگەی ئەم سەرچاوانەوە خۆیان دەوڵەمەند کردووە."

هەرچەندە ڤانس ناوی ئەو گرووپ و بەرنامانەی بە دیاریکراوی نەهێنا کە مەبەستیەتی، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد، هەندێک لە کۆچبەرانی نایاسایی لە ئەمریکا بە رێگەی ساختەکاری هاوکاری داراییان لە حکوومەت وەرگرتووە و ئەو پارانەیان بۆ باندەکانی ماددەی هۆشبەر لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین ناردووە، کە ئیدارەی ئەمریکا زۆربەی ئەو باندانە وەک گرووپی تیرۆریستی دەناسێنێت.

جێگری سەرۆکی ئەمریکا گوتیشی: "ئەمە کارێکی باوەڕپێنەکراوە؛ تۆ باج دەدەیت و ئەو پارانە دەچن بۆ تیرۆریستان، لە کاتێکدا دەوڵەتەکەت هەوڵ دەدات رێگری لەو تیرۆریستانە بکات ئەمریکییەکان دەکوژن. ئەمە شۆککەرە، بەڵام کاتێک حکوومەتی فیدراڵی چاوپۆشییان لێ دەکات، ئەمە روودەدات."

لە سەرەتای مانگی نیسانی رابردوودا، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند؛ ڤانس بەرپرسیار دەبێت لە دۆسیەی بەرەنگاربوونەوەی کارە ساختەکارییەکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکان.