سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان داوایەکی گرنگ لە وەبەرهێنەرانی ناوخۆ دەکات
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی کوردستان، رایگەیاند، کار و پڕۆژەکانی وەبەرهێنەرانی ناوخۆ بەردەوامە و لە رێگەی وەبەرهێنەری ناوخۆییەوە، هەوڵ بۆ دامەزراندنی کارگەی گەورە لە هەرێمی کوردستان دەدرێت.
محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 گوتی، "کار و بەرهەمی وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی بەردەوامە و نزیکەی 83%ـی وەبەرهێنەران ناوخۆیین و ئێمە لە پشتگیری وەبەرهێنەران بەردەوامین".
هەروەها رایگەیاند، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەم چەند رۆژەی رابردوودا لە کۆبووەنەوەی لەگەڵ وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی، وێڕای جەختکردنەوە لە پشتگیریی وەبەرهێنەران، داوای لێکردن لەو پرۆژە گەورانەی کە حکوومەت هەیەتی، لە هەموو سێکتەرەکان و بەتایبەت کارگەی گەورە، خۆیان بەیەکەوە گرووپی بەهێز دروست بکەن و کارەکان بکەن.
دەستەی وەبەرهێنان لە ناوەڕاستی ساڵی 2019 تا چارەکی یەکەمی ئەمساڵ، 754 مۆڵەتی وەبەرهێنانی بە سەرمایەی 22 ملیار دۆلار، بە وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و بیانی داوە.
گوتیشی: چالاکبوونی وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی، سەقامگیری هەرێمی کوردستان و یاسای وەبەرهێنان وایانکردووە، لەم ساڵانەی دواییدا وەبەرهێنەری زیاتر روو لە هەرێمی کوردستان بکەن، دەشڵێت، وەبەرهێنەرانی چینی، پشکی شێریان بەرکەوتووە و بە بڕی زیاتر لە چوار ملیار دۆلار وەبەرهێنانیان دەکەن.
محەمەد شوکری، ئێستا وەبەرهێنەرانی چینی بۆ دامەزراندنی سێ کارگەی گەورەی بەرهەمهێنان و بەیەک بەستنەوەی پارچەکانی ئۆتۆمبێل لە هەولێر، لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لە حکوومەتی هەرێم گەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی، چاوەڕوان دەکرێت ئەم پڕۆژانە جگە لە رەخساندنی هەلی کار، بەشێکی زۆری پێداویستییەکانی بازاڕی ناوچەکەش دابین بکەن.
هەر لە بارەی وەبەرهێنەرانی چین لە هەرێمی کوردستان، پشتیوان حەمەسەعید، بەڕێوەبەری گشتیی شارۆچکە پیشەسازییەکانی هەرێم بە کوردستان24 رایگەیاند، وەبەرهێنەرانی چینی بەنیازن کارگەیەکی پێشکەوتوو بۆ بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە هەولێر دابمەزرێنن، پێشنیازی ئەم کارگەیە لە قۆناخی لێکۆڵینەوەی ورددایە و پێشبینی دەکرێت لە ماوەی شەش مانگی داهاتوودا ئەم یەکە پیشەسازییانە دەست بە چالاکییەکانیان بکەن.
بەڕێوەبەری گشتیی شارۆچکە پیشەسازییەکان، هۆکاری پێشوازیی بەرفراوانی وەبەرهێنەرانی بیانی بۆ ئەو ئاسانکارییانە گەڕاندەوە، کە لە یاسای وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستاندا جێگیرکراون، ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستا 54 پڕۆژەی گەورەی وەبەرهێنان بە بەهای 11 ملیار دۆلار لە هەرێمی کوردستان لە بواری جێبەجێکردندان.