بەرەی گەل: یوئێن و نێردە نێودەوڵەتییەکانمان لە دۆسییەی "حەمە ڕەش" ئاگادار کردووەتەوە

ئەندامێکی سەرکردایەتیی "بەرەی گەل"، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دوایین پێشهاتەکانی دۆسییەی (حەمە ڕەش)ی خستەڕوو و داوای کرد، لایەنە پەیوەندیدارەکان بە خێرایی بێنە سەر هێڵ بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆسییەکە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 17ـی ئایاری 2026، سابیر عەبدولڕەحمان، ئەندامی سەرکردایەتیی "بەرەی گەل" رایگەیاند: "داوامان کردووە، چ لە رێگەی وەزارەتی تەندروستی بێت یاخود وەزارەتی ناوخۆ، سەرجەم ئەو راپۆرتانەی لەبەردەستدان پشتڕاست بکرێنەوە و دۆسییەکە بە فەرمی بگوازرێتەوە بۆ پۆلیس." ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا چاوەڕێی پێکهێنانی لیژنەیەکی پزیشکی تایبەتمەند دەکەن بۆ پشتڕاستکردنەوەی راپۆرتەکان، تا دواتر بە وردی بڵاو بکرێنەوە و وەک دۆکیۆمێنت ئاراستەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکرێن.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی بەرەی گەل ئاشکرای کرد، دەستەی مافی مرۆڤ و داواکاری گشتیی لەسەر هێڵن و بڕیارە هەر ئەمڕۆ دەستەکە دەست بە رێکارەکانی پێکهێنانی لیژنەی بەدواداچوون بکات، چونکە بە وتەی ئەو "دۆسییەکە هی ئەوە نییە لەوە زیاتر دوابکەوێت و پێویستی بە کارکردنی خێرا هەیە."

سەبارەت بە کاریگەرییەکانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە هەرێم، سابیر عەبدولڕەحمان هۆشداری دا و گوتی: "پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستان، وێنەی هەرێمەکە لای کونسوڵخانەکان و وڵاتانی جیهان تێکدەدات و بەرەو لاوازی دەبات، هەر بۆیە بە پەلە داوامان کردووە لەسەر دۆسییەی (حەمە ڕەش) بێنە دەنگ."

لە کۆتایی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، ئاماژە بە هەنگاوەکانی پێشووی حزبەکەیان درا و راگەیەندرا: "ئێمە پێشتر لەبەردەم نەتەوە یەکگرتووەکان گردبوونەوەمان کردووە و کونسوڵخانەکان، پارێزەران و سەرۆکایەتیی هەرێمیشمان لە بابەتەکە ئاگادار کردووەتەوە. هەنگاوەکانی داهاتوومان خێراتر دەبن و وەک حزبێکی سیاسی لە چوارچێوەی یاسادا بەردەوام دەبین لەسەر کارەکانمان بۆ گەیشتن بە ئەنجام."