دەنگۆی دیداری مەزڵووم عەبدی و ئۆجەلان کاردانەوەی لێکەوتەوە
بڵاوبوونەوەی دەنگۆی دیداری نهێنیی نێوان مەزلووم عەبدی و ئۆجەلان، کاردانەوەی جیاوازی لەناو پارتە دەسەڵاتدارەکەی تورکیا لێکەوتەوە و مەرجی چەکدانان بۆ هەر هەنگاوێکی نوێ دادەنرێت.
دەنگۆی دیدارێکی نهێنی لە نێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە دوورگەی ئیمراڵی بڵاوبووەتەوە، ئەمەش کاردانەوە و نیگەرانیی جیاوازی لەناو پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) دروست کردووە.
بەپێی زانیاریی رۆژنامەکانی تورکیا، لە مانگی ئاداری رابردوودا فەرماندەکەی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئیلهام ئەحمەد بە نهێنی سەردانی ئیمراڵییان کردووە. لەوێ ئۆجەلان بە توندی رەخنەی لێ گرتوون و پێی راگەیاندوون، لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا گەیشتووەتە رێککەوتن و پێویستە ئەوانیش لەگەڵ حکوومەتی سووریا رێکبکەون.
ئەم دەنگۆیانە لەناو ناوەندە سیاسییەکانی ئاکپارتیدا وەک ئاماژەیەک بۆ ئەگەری گۆڕانکاری لە پرۆسەکەدا دەبینرێت، لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسانی پارتەکە مەرجێکی توندیان هەیە و دەڵێن تاوەکوو هەموو هێزە چەکدارەکان بە تەواوەتی چەک دانەنێن، هیچ هەنگاوێکی نوێ لە پرۆسەکەدا نانرێت.
پارتە دەسەڵاتدارەکەی تورکیا پێی وایە بەبێ جێبەجێبوونی مەرجی دانانی چەک ئەستەمە پرۆسەکە بچێتە قۆناغێکی نوێوە، هاوکات هیچ ئاسانکارییەکی یاسایی بۆ گرووپە چەکدارەکان ناکرێت و دەوڵەت لەسەر هەڵوێستی روونی خۆی بەردەوام دەبێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردووشدا، مەزڵووم عەبدی لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو، ئەگەری هەیە بەمنزیکانە سەردانی تورکیا بکات و لە دوورگەی ئیمراڵی لەگەڵ ئۆجەلان کۆببێتەوە.
پرۆسەی نوێی ئاشتی لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2024ـەوە بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە دەستی پێکرد، کاتێک داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد بانگەوازی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بکات.
رۆژی 27ی شوباتی 2025، ئۆجەلان بانگەوازێکی مێژوویی بۆ کۆتاییهێنان بە ستراتیژی تێکۆشانی چەکداری و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە راگەیاند، لەو چوارچێوەیەشدا پەکەکە لە 12هەمین کۆنگرەی خۆیدا لە نێوان 5 بۆ 4ی ئایاری 2025، بڕیاری کۆتاییهێنان بە بوونی ڕێکخراوەیی خۆی دا.