ئاریان بورهان: دەیانەوێت دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی لە سیاسییەوە بۆ یاسایی بگۆڕن

ئاریان بورهان، پارێزەر
ئاریان بورهان، پارێزەر

ئاریان بورهان، پارێزەر و ئەندامی تیمی بەرگریی لە دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی، وردەکاریی نوێ لەبارەی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دادگاییکردنەکە و ئەو فشارانە ئاشکرا دەکات کە رووبەڕووی تیمی پارێزەران و گیراوەکان دەبێتەوە. ئەو جەخت دەکاتەوە دۆسیەکە سیاسییە و بە بەرگێکی یاسایی لەبەر کراوە.

ئاریان بورهان، لە لێدوانێکی بۆ بەرنامەی (باسی ڕۆژ) لە کوردستان24، رایگەیاند؛ دۆسیەی لاهور شێخ جەنگی و گیراوانی لالەزار، بەهۆی بوونی چەندین تۆمەتبار و هەستیاریی کەیسەکە، بە ئاسانی یەکلا نابێتەوە. ئاماژەی بەوە کرد، دانیشتنی یەکەم و دووەمی دادگا تەنیا بۆ تلاوەکردنی بەڵگەکان و وەرگرتنی وتەی شایەتێک بووە بە ناوی (حەمەڕەش). هەروەها بڕیار دراوە دانیشتنی داهاتوو بۆ  3ـی حوزەیرانی 2026 دوا بخرێت، کە بڕیارە تێیدا وتەی راگیراوەکان وەربگیرێت.

تیمی بەرگریی پێشبینی ناکەن دۆسیەکە بەم زووانە و بە دوو یان سێ دانیشتنی دیکە کۆتایی بێت. هاوکات جەخت دەکەنەوە، "نایانەوێت دۆسیەکە تەنیا لە دادگای سلێمانی یەکلا ببێتەوە، بەڵکو داوا دەکەن دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان وردبینییەکی گشتی بۆ تەواوی دۆسیەکە بکات."

بە گوتەی دەستەی پارێزەران، "ئەم دۆسیەیە لە بنەڕەتدا سیاسییە و هەوڵێکی زۆر دراوە بە شێوەیەکی زۆرەملێ بەرگێکی یاسایی بەبەردا بکرێت." پارێزەرەکە روونی کردەوە، راگیراوەکان بێتاوانن، چونکە لە بنەڕەتدا هێرش کراوەتە سەر ماڵ و شوێنی دانیشتنی ئەوان، بۆیە ئەو کارانەی ئەنجامیان داوە تەنیا بەرگرییەکی رەوا بووە لە خۆیان.

هەروەها ئاریان بورهان رەخنەی لە "دۆسیەکە گرت کە دوای نۆ مانگ مانەوە، بە شێوازێکی پەرشوبڵاو و پڕ لە کەموکوڕیی یاسایی گەیشتووەتە دادگا، ئەمەش زیانێکی زۆری بە مافی راگیراوەکان گەیاندووە."

ئاریان بورهان ئاشکرای کرد، "چوار لە پارێزەرانی تیمی بەرگریی رووبەڕووی هەڕەشە بوونەتەوە تاوەکو لە کەیسەکە پاشەکشە بکەن و پێیان گوتراوە کارکردن لەم دۆسیەیەدا بۆیان باش نییە. هەرچەندە ئاماژەی بەوە دا، وەک کەسی خۆی هیچ هەڕەشەیەکی پێنەگەیشتووە، بەڵام جەختی لەسەر بەردەوامیی تەواوی تیمەکە کردەوە و رایگەیاند؛ ئەوان تەنیا کارێکی پیشەیی لە چوارچێوەی یاسادا دەکەن و هیچ رەفتارێکی نایاساییان ئەنجام نەداوە."

لە لایەکی دیکەوە، پارێزەرەکە تیشکی خستە سەر پێگەی یاسایی لاهور شێخ جەنگی وەک ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایش. بەگوێرەی یاسای تایبەتی ئەو ئەنجوومەنە، ئەندامەکانی خاوەن پارێزبەندین و نابێت فەرمانی گرتنیان بۆ دەربچێت، بەڵکو لە کاتی بوونی هەر تۆمەتێکدا دەبێت لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی تایبەتیان بۆ پێکبهێنرێت. ئەمەش بە گوتەی ئاریان بورهان، یەکێکە لە سەرپێچییە یاساییە گەورەکانی ئەم پرۆسەیە.

دەشڵێت: "یەکێک لە ناخۆشترین و هەستیارترین بەشەکانی دانیشتنی دووەمی دادگا، وتەکانی شایەتێک بووە بە ناوی (حەمەڕەش). ناوبراو بە جەرائەتەوە لەبەردەم دادوەردا باسی لەوە کردووە، لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا رووبەڕووی ئەشکەنجەی توندی جەستەیی و دەروونی بووەتەوە. شایەتەکە ئاماژەی بە (تەقینی سەر، چەقۆ لێدان لە پشت، شکاندنی دان و دەستدرێژیی سێکسی/خستن لە پیاوەتی) کردووە."

ئاریان بورهان رەخنەی لە سەرۆکی دادگا گرت و رایگەیاند: "دەبوو دوای بیستنی ئەم وتانە، دەستبەجێ دانیشتنەکە رابگیرایە و شایەتەکە رەوانەی لیژنەی پزیشکی بکرایە بۆ سەلماندنی ئەو پێشێلکارییە نامرۆڤانانە."

ئەندامی دەستەی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی جەخت دەکاتەوە، تەواوی پرۆسەکە بە هەڵەی یاسایی دەستی پێکردووە. ئامانجی سەرەکی ئەوان ئێستا ئەوەیە دۆسیەکە لە ژێر کاریگەرییە سیاسییەکان دەربهێنرێت و ببرێتە دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان، تاوەکو وردبینییەکی بێ لایەنانەی تێدا بکرێت و ماف بۆ خاوەن مافەکان بگەڕێتەوە.