حکوومەتی تورکیا کۆدەبێتەوە؛ پرۆسەی ئاشتی و چەند پرسێکی تر تاوتوێ دەکرێن
کابینەی حکوومەتی تورکیا بە سەرپەرشتیی سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە، تێیدا لە پاڵ پرسە ئابوورییەکان و رەوشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پرۆسەی ئاشتی تاوتوێ دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە، 18ی ئایاری 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی کابینەی حکوومەت لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە بێشتەپە دەکات.
هەرچەندە دۆخی ئابووری و پەرەسەندنەکانی ناوچەکە لە کارنامەی کۆبوونەوەکەدان، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت پرسی پرۆسەی ئاشتی ببێتە تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکان.
لە بەشێکی گرنگی کۆبوونەوەکەدا، کابینەی حکوومەت بە وردی پرسی داماڵینی چەک و کۆتاییهێنان بە چالاکییەکانی پەکەکە تاوتوێ دەکات.
ئەم باسە دوای پێشنیازە نوێیەکانی ئەم دواییەی ناوەندە سیاسییەکانی تورکیا دێت و تێیدا جەخت لەسەر پێویستیی گرتنەبەری هەنگاوی یاسایی و کارگێڕی دەکرێتەوە بۆ پرۆسەی ئاشتی.
لەم چوارچێوەیەشدا وەزیرە پەیوەندیدارەکان راپۆرتی خۆیان دەربارەی میکانیزمەکانی ئەم پرۆسەیە و چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ قۆناغی داهاتوودا پێشکەش بە سەرۆککۆمار دەکەن.
لە کۆبوونەوەکەدا ئەوە دەخرێتە روو، بە چ شێوەیەک دەتوانرێت بە هەماهەنگیی دامەزراوەکانی دەوڵەت، رێگری لە هەر تێکدان و پەکخستنێکی ئەم پرۆسەیە بکرێت و رێگە بۆ ئاشتەواییەکی نیشتمانیی فراوانتر خۆش بکرێت.
جگە لە پرسی ئاشتی، گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسایشی رێڕەوە ئاوییەکانی ناوچەکە وەک گەرووی هورمز بەشێکی دیکەی کارنامەی کۆبوونەوەکە دەبن.