کوردستان24 رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی بۆ جەژنی قوربان بڵاودەکاتەوە

کوشتارگەی هەولێر لە رۆژانی جەژنی قورباندا کاتی کارکردنیان درێژ دەکەنەوە

کوشتارگەی هەولێر
کوشتارگەی هەولێر

بەڕێوەبەری کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر، وردەکاریی پلانی کوشتارگەکە بۆ چوار ڕۆژی جەژنی قوربان ئاشکرا کرد و رایگەیاند کە هاوشێوەی ساڵانی رابردوو، بۆ ماوەی 12 کاتژمێر لە شەشی بەیانییەوە تا شەشی ئێوارە پێشوازی لە هاووڵاتییان دەکەن.

ئەمڕۆ دووشەممە، 18ـی ئایاری 2026، هەڵمەت هەمزە، بەڕێوەبەری کوشتارگەی هاوچەرخی هەولێر، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند؛ بەهۆی زیادکردنی کاتی دەوام لە 8 کاتژمێرەوە بۆ 12 کاتژمێر، توانای وەرگرتنی ئاژەڵ زیادی کردووە. ئێستا کوشتارگەکە دەتوانێت رۆژانە 1600 ئاژەڵی بچووک و 300 ئاژەڵی گەورە سەرببڕێت. ئاماژەی بەوەش کرد، پڕۆژەی (مێگەل)یش وەک بەشێکی دیکە ئامادەکاریی تۆکمه‌یان کردووە بۆ پێشوازیکردن لە هاووڵاتییان.

سەبارەت بە سەلامەتی گۆشتەکە، هەڵمەت هەمزە جەختی کردەوە، تیمێکی پزیشکی پێکهاتوو لە 16 پزیشک بە شێوەی شەفت لە هەر چوار رۆژەکەدا ئامادەن. پشکنینەکان بە دوو قۆناخ دەکرێن؛ پێش سەربڕین بۆ خودی ئاژەڵەکە و دوای سەربڕین بۆ گۆشتەکە. لە حاڵەتی گوماناویدا پەنا بۆ تاقیگەی کوشتارگەکە دەبرێت.

لە چوارچێوەی رێکارەکانی خۆپارێزی لە تای خوێنبەربوون، پڕۆسەی تەعقیمکردن لە دوو رۆژەوە بۆ سێ رۆژ لە هەفتەیەکدا زیاد کراوە. بەڕێوەبەری کوشتارگەکە هۆشداری دا، هەر ئاژەڵێک گەنەی پێوە بێت، رەتدەکرێتەوە و رێگەی سەربڕینی پێنادرێت، چونکە گەنە هۆکاری سەرەکی گواستنەوەی ڤایرۆسەکەیە.

کوشتارگەی هەولێر خشتەیەکی تایبەتی بۆ ئەو کەسانە داناوە کە قوربانی دەکەن. هاووڵاتییان دەبێت پێشتر هەماهەنگی لەگەڵ ئیدارە بکەن بۆ دیاریکردنی ڕۆژ، کات و شوێنی سەربڕینەکە.

1- پابەندبوون بە لەدەستکردنی دەستکێش و ماسک (کە لە پێشوازیگا دابەش دەکرێت).
2-  نەهێنانی منداڵی بچووک بۆ ناو کوشتارگە.
3-  کەمکردنەوەی ژمارەی ئەو کەسانەی لەگەڵ خاوەن قوربانییەکە دێن.
4- هێنانی مەنجەڵ یان دەفر بۆ گواستنەوەی گۆشتەکە، بە مەبەستی پاراستنی پاکوخاوێنی ئۆتۆمبێلەکانیان.

بەڕێوەبەری کوشتارگەکە داوای لە هاووڵاتییان کرد پابەندی رێنماییەکان بن، هەرچەندە ئاماژەی بەوە کرد، پابەندبوونی هاووڵاتییان تا ئێستا بە رێژەییە و وەک پێویست نییە.

لای خۆیەوە وەزارەتی تەندروستی چەند رێنماییەکی بۆ دوورکەوتن لە نەخۆشی تای خوێنبەربوون بڵاو کردەوە.

لە بڵاو کراوەکەدا وەزارەتی تەندروستی رایگەیاندووە پێویستە لە کاتی سەربڕینی ئاژەڵ بۆ قوربانی ئەم ڕێنماییە زانستییانە جێبەجێ بکرێت:

1- سەربڕینی ئاژەڵ پێویستە لەناو ئەو سەربڕینخانانەدا بێت کە رێگەپێدراون و پزیشکی ڤێتێرنەری سەرپەرشتی دەکات.

2- لە کاتی سەربڕینی ئاژەڵدا و کەوڵکردن و یان پارچەپارچەکردنی گۆشتەکەی پێویستە جلی وبەرگی خۆپارێزی لەبەر بکرێت وەک (دەستکێش، جزمە، سەدریەی پلاستیک، ماسکی دەموچاو).

3- نابێت خێزان و منداڵ کۆببنەوە لە چواردەوری سەربڕەکە (قەساب) و نابێت هاوکاری بکەن لە کاتی سەربڕینی ئاژەڵ و پارچەپارچەکردنی گۆشتەکەیدا.

4- بەبێ دەستکێش مامەڵە لەگەڵ جەستەی ئاژەڵە سەربڕاوەکە مەکە، و دوای پۆشینی دەستکێش و کەلوپەلی خۆپارێزی گۆشتەکە پارچەپارچە بکە و پاشان دەستت بە باشی بشۆ.

5- لابردنی پاشماوەی ئاژەڵە سەربڕاوەکان و دانانی لە کیسەی داخراو و فڕێدانی بۆ شوێنی تایبەت.

6- بەکارهێنانی چەقۆ و تەختەی پارچەپارچەکردنی تایبەت بە گۆشت و شوشتن و پاکژکردنەوەی تەختە و چەقۆکان دوای بەکارهێنان.

7- پاککردنەوەی ئەو شوێنەی کە ئاژەڵەکەی لێ سەردەبڕێت، بەتایبەت ئەو شوێنانەی خوێنی لێیە دەبێت بە ماددەی کلۆرین (بلیچ - موعجیزە)ی ڕوونکراوە بەکاربهێنرێت.

8- باشتر وایە گۆشت دوای سەربڕینی ئاژەڵ بۆ ماوەی نیو کاتژمێر لە پلەی 4تا 8 پلەی سەدی هەڵبگیرێت، پاشان بەکاربهێنرێت، بەڵام گۆشتی کوڵاو هیچ کێشەیەکی نییە و نابێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون.

9- ئەگەر ئاژەڵ گەنە یان مێرووی دیکەی پێوە بوو، باشتر وایە (نەکڕدرێت یان سەرنەبڕدرێت) بۆ دوورکەوتن لە نەخۆشی تای خوێنبەربوون.

10- ئەم نەخۆشییە لە ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، بەهۆی گەنە و مێرووەکانی کە لەسەر ئاژەڵەکان دەژین.