پزیشکیان: دانوستان بە مانای خۆبەدەستەوەدان نایەت

سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی تەنیا بە کەرامەت، دەسەڵات و پاراستنی مافە یاساییەکانی گەلەکەیەوە دەچێتە نێو گفتوگۆکان، جەختیشی کردەوە کە "گفتوگۆ بە مانای خۆبەدەستەوەدان نییە" و لە ژێر هیچ فشارێکدا پاشەکشە ناکەن.

دووشەممە 18ـی ئایاری 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) دەربارەی پرۆسەی دانوستانەکان بڵاو کردووەتەوە و رایگەیاند، وڵاتەکەی بە شکۆ و دەسەڵاتەوە دەچێتە ناو گفتوگۆکان و سازش لەسەر مافەکانی گەلەکەی ناکات.

پزیشکیان جەختی کردەوە، "گفتوگۆ بە مانای خۆبەدەستەوەدان نییە" و ئاماژەی بەوە کرد کە کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام دەبێت لە پاراستنی مافەکانی نەتەوەکەی. گوتیشی: "ئێمە بە کەرامەت، دەسەڵات و پاراستنی مافەکانی نەتەوەوە دەچینە ناو گفتوگۆکان."

سەرۆککۆماری ئێران هۆشداری دا کە وڵاتەکەی لە ژێر هیچ فشار و بارودۆخێکدا ئامادە نییە لە مافە یاساییەکانی خەڵک و نیشتمان پاشەکشە بکات. نووسیویەتی: "ئێمە بە لۆژیک و بە هەموو توانامانەوە تا کۆتایی خزمەتی گەل دەکەین و پارێزگاری لە بەرژەوەندی و کەرامەتی ئێران دەکەین."

هەر ئەمڕۆ دووشەممە، ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی پاکستانی بڵاوی کردووەتەوە، وڵاتەکەی دەقی نوێی دیدگاکانی ئێرانی داوەتە ئەمریکا، بەڵام هۆشداری دا، "هەردوولا کاتێکی زۆریان لەبەردەم نەماوە" بۆ کەمکردنەوەی جیاوازییەکانیان.

هاوکات بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (Axios)، پێشنیازە هەموارکراوەکەی ئێران کە شەوی یەکشەممە لە رێگەی نێوەندگیری پاکستانەوە گەیشتووەتە دەست ئەمریکا، تەنیا هەندێک گۆڕانکاریی رووکەشی تێدایە. هەرچەندە تاران لە دەقەکەدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەدوای چەکی ئەتۆمیدا ناگەڕێت، بەڵام هیچ بەڵێنێکی روونی تێدا نییە سەبارەت بە راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم یان رادەستکردنی پاشکەوتە پیتێنراوەکانی ئێستا بە ئەمریکا.

سەرچاوەکە بە ئاژانسی تەسنیمی راگەیاندووە، ئەمریکییەکان، بە پێچەوانەی دەق و پێشنیازەکانی پێشووتر، لە دەقە نوێیەکەدا رازی بوون کە لە ماوەی بەڕێوەچوونی قۆناغەکانی دانوستاندا، بە شێوەییەکی کاتی سزاکانی سەر نەوتی ئێران سڕی بکات.