بەهۆی خۆڵبارینەوە سەدان کەس گەیەندرانە نەخۆشخانە
وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند؛ بەهۆی شەپۆلی خۆڵبارینەوە، 226 حاڵەتی تەنگەنەفەسی لە چەند پارێزگایەک تۆمارکراون.
بەگوێرەی بەیاننامەیەکی وەزارەتەکە، عەبدولحوسێن ئەلموسەوی، وەزیری تەندروستی، بەدواداچوونی بۆ رێکارەکانی فەرمانگە تەندروستییەکان کردووە و رێنمایی داوە بە بەردەوامبوونی ئامادەباشی تەواوی دامەزراوە تەندروستییەکان بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان بە هاووڵاتییان.
وەزیری تەندروستی جەختی لە گرنگی ئامادەکردنی هۆڵەکانی فریاکەوتن، ئەمبوڵانسەکان، دابینکردنی ئۆکسجین، دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان کردووەتەوە، لەگەڵ بەرزکردنەوەی ئامادەباشی ستافە پزیشکی و پەرستارییەکان لە هەموو نەخۆشخانە و سەنتەرە تەندروستییەکاندا.
وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەش کردووە، ئاماری بەڕێوبەرایەتی ئۆپراسیۆنەکان و خزمەتگوزارییە پزیشکییە بەپەلەکان تائێستا 226 حاڵەتی تەنگەنەفەسی تۆمارکردووە، و ئاماری وردی حاڵەتەکان لە کاتێکی دیکەدا بڵاودەکرێتەوە.