زیاتر لە 300 کیلۆمەتر سنووری عێراق و سووریا کۆنکرێت رێژکراوە
ئەمڕۆ سێشەممە، 19ـی ئایاری 2026، میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە کۆمگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: لە 1ـی 1 تا 1ـی 5ـی 2026، هەنگاوی گەورە لە سنووری عێراق و سووریا نراون. تائێستا زیاتر لە 300 کیلۆمەتر دیواری کۆنکرێتی دروست کراوە و کارەکەش بەردەوامە.
ئاماژەی بەوەش دا، بۆ چاودێرییەکی وردتر، 950 کامێرای حەراریی و 970 سیستەمی تێلبەندی لەسەر سنوورەکان جێگیر کراون، هاوکات بە درێژایی چەندین کیلۆمەتر هەڵکۆڵین 'خەندەق' لێدراوە و چەندین بورجی کۆنکرێتی نوێ بنیاد نراونەتەوە، بۆ باشترکردنی گوزەرانی هێزە ئەمنییەکانیش، 240 بیری ئاو لێدراون و سیستەمی وزەی خۆر بۆ ئەو شوێنانە دابینکراوە کە کارەبایان نییە.
سنووری نێوان عێراق و سووریا کە درێژییەکەی نزیکەی 620 کیلۆمەترە، بۆ ماوەی دەیان ساڵ بە سنوورێکی کون وکەلەبەر دەناسرا، دوای ساڵی 2003، ئەم سنوورە بووە ڕێڕەوی سەرەکی بۆ هاتنی چەکدارانی قاعیدە بۆ ناو عێراق، لە ساڵی 2011دا و بە دەسپێکردنی شەڕی ناوخۆی سووریا، کۆنترۆڵ لەو دیو سنوور نەما، ئەمەش وایکرد لە ساڵی 2014دا چەکدارانی داعش لە دەێرەزوورەوە بێنە ناو خاکی عێراق و مووسڵ و ناوچەیەکی بەرفراوان داگیر بکەن.
عێراق بە دروستکردنی ئەم دیوارە کۆنکرێتییە دەیەوێت سێ کێشەی سەرەکی چارەسەر بکات:
-رێگریکردن لە تیرۆر: پاشماوەکانی داعش هێشتا لە ناوچە بیابانییەکانی سووریا چالاکن و هەوڵی دزەکردن بۆ ناو عێراق دەدەن.
-بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر: سووریا لە ساڵانی ڕابردوودا بووەتە ناوەندێکی گەورەی بەرهەمهێنانی حەبی "کاپتاگۆن"، عێراقیش دەیەوێت بەم دیوارە ڕێگری لە قاچاخی ئەم ماددەیە بکات.
-کۆنترۆڵی جووڵەی میلیشیاکان: بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت بەسەر هەموو هاتووچۆیەکی سەربازیدا هەبێت و گرووپە چەکدارەکان نەتوانن بە ئارەزووی خۆیان چەک و تەقەمەنی بپەڕێننەوە.