مۆڵەتی نوێی شۆفێری دەبێتە نێودەوڵەتی

وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی نووسراوێکی فەرمی، وردەکاری نوێی لەبارەی بەکارهێنانی مۆڵەتی شۆفێری لە دەرەوەی وڵات و مەرجەکانی دەرهێنانی مۆڵەتی نێودەوڵەتی بڵاوکردەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 20ـی ئایاری 2026، عەقید سۆران سادق، گوتەبێژی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند: "مۆڵەتی نێودەوڵەتی دەستبەجێ دوای دەرهێنانی دەتوانرێت بەکاربهێنرێت و تاوەکو کاتی بەسەرچوونی، کاری پێدەکرێت." ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم مۆڵەتە تەنیا بۆ ئۆتۆمبێلی تایبەتە و بارهەڵگر و تەنکەرەکان ناگرێتەوە.

بەگوێرەی نووسراوێکی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی دیوان لە وەزارەتی ناوخۆ (کە واژۆی هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی لەسەرە)، رێنماییەکان بەم شێوەیەن:

1- ئەو شۆفێرانەی خاوەنی مۆڵەتی شۆفێری "نوێی ناوخۆیی"ن (ئەوانەی بە سیستەمە نوێیەکە کراون)، دەتوانن بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان گەشت بۆ دەرەوەی وڵات بکەن بەبێ ئەوەی پێویست بکات مۆڵەتەکەیان بگۆڕن بۆ مۆڵەتی نێودەوڵەتی.

2- ئەو کەسانەی بەبێ ئۆتۆمبێلی خۆیان گەشت دەکەن و دەیانەوێت لەو وڵاتەی بۆی دەچن ئۆتۆمبێل بەکرێ بگرن یان شۆفێری بکەن، پێویستە مۆڵەتی نێودەوڵەتی دەربهێنن، چونکە مۆڵەتە ناوخۆییە نوێیەکە تەنیا بۆ ئەو کەسانە کارایە کە بە ئۆتۆمبێلی خۆیان لە مەرزەکانەوە دەچنە دەرەوە.