ئێران بۆ تێپەڕبوون بە گەرووی هورمز مەرجی نوێ دەسەپێنێت

گەرووی هورمز
گەرووی هورمز

دەستەی بەڕێوەبردنی گەرووی هورموزی سەر بە ئێران، نەخشەیەکی بڵاوکردەوە، تێیدا مەودای تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە گەرووەکە دیاری دەکات و ئاماژە بەوە دەکات، تێپەڕین لەو ناوچانە پێویستی بە هەماهەنگی و مۆڵەتی ئێران هەیە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی دەستەکە، مەودای چاودێرییەکە هێڵی نێوان کۆتایی دوورگەی "قیشم لە ئێران و ئوم قەیوین لە ئیمارات"، هەروەها نێوان "چیای موبارەکە لە ئێران و باشووری فوجەیرە لە ئیمارات" دەگرێتەوە.

هاوکات ئاژانسی "رۆیتەرز" ئاشکرای کردووە، سوپای پاسدارانی ئێران مەرجی نوێی بۆ ئەو کەشتیانە داناوە، دەیانەوێت لە گەرووەکە تێپەڕبن، لەوانە؛ پێشکەشکردنی "بەڵگەنامەی ئینتیما" بۆ سەلماندنی ئەوەی کەشتییەکان پەیوەندییان بە ئەمریکا و ئیسرائیلەوە نییە، چاوەڕوانیکردن بۆ ماوەی هەفتەیەک بۆ وەرگرتنی وەڵامی داواکارییەکان، لەگەڵ پێدانی رسوماتێک کە هەندێکیان لە 150 هەزار دۆلار تێدەپەڕێت.

رۆیتەرز ئاماژەی بەوەش کردووە، لە میکانیزمە نوێیەکەدا ئەولەویەت دراوە بەو کەشتیانەی پەیوەندییان بە رووسیا و چینەوە هەیە، هەروەها ئەو وڵاتانەی دەیانەوێت کەشتییەکانیان تێپەڕبێت دەبێت پەیوەندیی بە وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە بکەن.

لەلایەکی دیکەوە، ئیسماعیل بەقایی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، تاران بە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتی عومان لە پەیوەندیدایە لەگەڵ چەندین وڵات بۆ گەرەنتی تێپەڕبوونی کەشتییەکانیان بەبێ زیان، بەڵام جەختی کردەوە رێگە بە ئەمریکا و ئیسرائیل نادەن لە هورمزەوە تێپەڕبن، چونکە ئەوە کاریگەری لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دەبێت.

رۆژی دووشەممە 4ـی ئایاری 2026، سوپای پاسدارانی ئێران ناوچەی سنووردارکراوی گەرووی هورمزیان راگەیاند و نەخشەیەکی تازەیان بڵاوکردووەتەوە، هۆشداری بە هێزی دەریایی سوپای ئەمریکا دەدەن، سنووری دیاریکراو و هێڵی سوور نەبەزێنن. 

 ئاماژەیانداوە، ئەو ناوچەیە بە تەواوەتی لە کۆنترۆڵی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی دەبێت و هیچ کەشتییەک بەبێ هەماهەنگی ناتوانێت پێیدا تێپەڕێت.

بە گوێرەی ئەو نەخشەیەی سوپای پاسدارانی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، لە بەری باشوورەوە لە چیای موبارەکەی ئێران تا باشووری ناوچەی فوجەیرەی ئیمارات سنوورەکە درێژ دەبێتەوە، لە رۆژئاواشەوە لە کۆتایی دوورگەی قیشمی ئێرانەوە تا ئوم قەیوەینی ئیمارات درێژ دەبێتەوە.

ئەم بڕیارەی سوپای پاسدارانی ئێران هاوکاتە لەگەڵ، جووڵەی هێزەکانی ئەمریکا لە چوارچێوەی پلانی ئازادی هورمز، کە شەوی رابردوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند و ئاماژەیدا، لە پێناو گەڕاندنەوەی سەروەری و ئازادی جوڵە و بازرگانی دەریایی ئەم پلانە جێبەجێ دەکات.