مانگی داهاتوو کارەبای گەرمیان دەبێتە 24 کاتژمێری
کارەبای ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان دەبێتە 24 کاتژمێری و تیمەکانی پڕۆژەی رووناکیش بەردەوامن لە کارکردن بۆ ئەوەی هاوبەشانی کارەبای گەرمیان بێنە ناو پڕۆژەکە و گەرمیان ببێتە خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێری.
ئالان ئەرکان، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای گەرمیان بە کوردستان24 ـی رایگەیاند، کارەکانی پڕۆژەی رووناکی گەیشتوونەتە قۆناخی کۆتایی و بە ئەگەری زۆرەوە لە مانگی داهاتوو کارەبای سەرجەم شارۆچکە و شارەدێکانی سنوورەکەیان لە رۆژێکدا دەبێتە 24 کاتژمێریی و بە گوێرەی خشتەی کارەبا، ناوچەکەیان بەسەر پێنج زۆن دابەش کراوە و کارەکانی سێ زۆن تەواوکراوە و ئێستا کار لەسەر دوو زۆنی دیکە دەکرێت.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای گەرمیان گوتیشی، بەگشتی زیاتر لە 87 هەزار هاوبەشی کارەبا لە سنوورەکەیان هەن و ئێستا رۆژانە نزیکەی 20 کاتژمێر کارەبای نیشتیمانی بە ھاووڵاتییان دەدرێت، تا ئەوکاتەی پرۆژەی رووناکی دەکەوێتە کار.
بە گوێرەی زانیارییەکانی تیمی پڕۆژەی رووناکی لەو کاتەی کارەبای گەرمیان دەکرێتە 24 کاتژمێری لە سێ مانگی یەکەم داشکاندن بۆ هاوبەشانی کارەبا دەکرێت کە بەم شێوازە دەبێت، مانگی یەکەم بە رێژەی 50% داشکاندن لە کرێی کارەبا دەکرێت، لە مانگی دووەم بە رێژەی 25% و لە مانگی سێیەمیش بە رێژەی 15% داشکاندن دەکرێت.
جگە لە ناوەندیی شارەکانی هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە، سەرجەم ئەو شار و شارۆچکانەی کە کارەبای 24 کاتژمیرییان پێگەیشتووە بریتییە، لە ئاکرێ، سێمێل، پیرمام، راپەڕین، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، زاخۆ، کۆیە.
هەروەها بەگوێرەی دواین داتا فەرمییەکانی پڕۆژەی رووناکی، تا ئێستا 5 ملیۆن و 500 هەزار هاووڵاتی لە سەرانسەری ناوچە جیاوازەکان سوودمەند بوون لە کارەبای 24 کاتژمێری. هەروەها پڕۆژەکە تەنیا ماڵانی نەگرتووەتەوە، بەڵکو 153 هەزار موڵکی بازرگانی ئێستا خاوەنی کارەبای بەردەوامن، کە ئەمەش کاریگەری ئەرێنی لەسەر جوڵەی ئابووری دروست کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەی ئەو هاوبەشانەی بە فەرمی لە پڕۆژەکەدا تۆمارکراون گەیشتووەتە زیاتر لە600 هەزار هاوبەش. هەروەها یەکێک لە دەستکەوتە هەرە گرنگەکان، کوژانەوەی زیاتر لە5 هەزار و 900 مۆلیدەی ئەهلی، کە ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ژاوەژاو و پیسبوونی ژینگە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە تشرینی دووەمی 2024 پڕۆژەی "رووناکی" وەک نەخشەڕێگەیەک بۆ دابینکردنی کارەبای بەردەوام راگەیاند، دواتر لە ئایاری رابردوو، ئەنجوومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ پڕۆژەکەی پەسەند کرد.
ئامانجی سەرەکیی پڕۆژەکە ئەوەیە کە تا کۆتایی ساڵی 2026، کارەبای 24 کاتژمێری بگەیەنرێتە سەرجەم ماڵ و شوێنە بازرگانییەکانی کوردستان، کە ئێستا سەنتەری هەموو شارەکان لەم خزمەتگوزارییە سوودمەند بوون.