نرخ و رێنماییەکانی قوربانیکردن لە هەولێر راگەیەندرا
کوشتارگەی هەولێر ئامادەکارییەکانی بۆ رۆژانی جەژنی قوربان تەواو کردووە و رایدەگەیەنێت کە رۆژانە توانای سەربڕینی هەزار و 400 ئاژەڵی هەیە، هاوکات نرخ و رێنمایی نوێ بۆ هاوڵاتییان بڵاوکرایەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21ـی ئایاری 2026، هەڵمەت هەمزە، بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: ئامادەکاری تەواو کراوە بۆ ئەوەی لە رۆژانی جەژنی قوربان بە باشترین پرۆسەی قوربانیکردن لە کوشتارگە بەڕێوەبچێت.
بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر گوتیشی: لە هەر چوار رۆژی جەژنی قوربان دەوامی کارمەندەکان لە شەشی بەیانیی تاوەکو شەشی ئێوارە دەبێت، بۆ ئەوەی بتوانن بە باشی و بەخێرایی کارەکانیان بکەن.
دەربارەی توانای سەربڕینی ئاژەڵەکان لە کوشتارگە، هەڵمەت هەمزە ئاماژەی بەوەدا، رۆژانە دەتوانرێت هەزار و 200 ئاژەڵی بچووک و 200 ئاژەڵی گەورە سەرببڕێت.
هەروەها ژمارەیەک رێنمایی بە هاووڵاتییان دەدات، لە ماڵەوە قوربانی نەکەن و پابەندی رێنماییەکان بن، هاوکات نابێت بۆ گۆشتی قوربانی کیسی نایلۆن بەکاربهێرێت و بەهیچ وێنەگرتن و سەیری کردنی منداڵ لە کاتی قوربانیکردن قەدەغەیە.
دەربارەی نرخی سەربڕینی ئاژەڵەکان، هەڵمەت هەمزە باسی لەوە کرد، بۆ هەر ئاژەڵێک بچووک کە سەردەبڕێت 25 هەزار دینارە و ئاژەڵی گەورە 70 هەزار دینارە، هاوکات تەواوی ئاژەڵەکە پارچە پارچە دەکرێت و بۆ خاوەنەکەی ئامادە دەکرێت.
لە چوار ڕۆژی جەژنی قوربانی ساڵی رابردوو، 270 سەر ئاژەڵی گەورە لە رەشە وڵاغ و هەزار و 190 ئاژەڵی بچووکیش لە کوشتارگەی هەولێر سەر بڕاون، هەروەها لە ساڵی 2024، 201 سەر ئاژەڵی گەورە و 672 سەر ئاژەڵی بچووک سەربڕاون.
لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی هاوڵاتییان ئاگاداردەکاتەوە کە بەبۆنەی هاتنی جەژنی قوربانی پیرۆزەوە، ئەنجامدانی پرۆسەی قوربانیکردن لەسەر شەقام، کۆڵان و ناو ماڵەکاندا بە تەواوی قەدەغەیە.
شارەوانی رایگەیاندووە کە پێویستە قوربانیکردن تەنیا لە کوشتارگە فەرمییەکاندا ئەنجام بدرێن، هاوكات کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵیش تەنیا لە مەیدانی فەرمی ئاژەڵاندا بێت؛ هەر کەسێکیش سەرپێچی بکات، ڕووبەڕووی ڕێکاری توندی یاسایی دەبێتەوە.