واشنتن سزای بەسەر 9 بەرپرسی سەر بە حزبوڵڵا و ئێراندا سەپاند
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، بە تۆمەتی دزەکردنە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەت و رێگریکردن لە چەککردنی حزبوڵڵا، سزای بەسەر تۆڕێکی فراوان لە پەرلەمانتاران، ئەفسەرانی هەواڵگریی لوبنان، فەرماندەکانی بزووتنەوەی ئەمەل و باڵیۆزێکی ئێرانیدا سەپاند.
پێنجشەممە، 21ـی ئایاری 2026، نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانیی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: سزای بەسەر نۆ کەسایەتیدا لە لوبنان سەپاند، بە تۆمەتی دروستکردنی ئاستەنگ لەبەردەم پرۆسەی ئاشتی لە لوبنان و رێگریکردن لە چەککردنی حزبوڵڵا.
وەزارەتەکە ئاشکرای کرد، ئەم بەرپرسانەی کە هاوپەیمان و سەر بە حزبوڵڵان، پێکهاتوون لەو کەسانەی کە دزەیان کردووەتە ناو پەرلەمان، سوپا و کەرتە ئەمنییەکانی لوبنانەوە، لەوێوە هەوڵی پاراستنی هەژموونی ئەو گرووپانەی سەر بە ئێران دەدەن بەسەر دامەزراوە سەرەکییەکانی دەوڵەتی لوبناندا. بەردەوامیی چالاکییە چەکدارییەکانی حزبوڵڵا و هەژموونە زۆرەملێکەی بەسەر دەوڵەتی لوبناندا، توانای حکوومەتی لوبنانی بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی بەسەر دامەزراوەکانی دەوڵەت و چەککردنی ئەو گرووپەکان لاواز کردووە.
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لەم بارەیەوە گوتی: "حزبوڵڵا دەبێت بە تەواوی چەک بکرێت، هەروەها وەزارەتی گەنجینە بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری رێوشوێن دژی ئەو بەرپرسانەی کە دزەیان کردووەتە ناو حکوومەتی لوبنانەوە و کارئاسانی بۆ حزبوڵڵا دەکەن تا هەڵمەتە بێمانا و توندوتیژییەکانی دژی گەلی لوبنان بەڕێوە ببات و رێگری لە ئاشتییەکی هەمیشەیی بکات."
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە راگەیەنراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، حزبوڵڵا پشت بە تۆڕێک لە نوێنەرانی سیاسی دەبەستێت، لەوانەش پەرلەمانتاران، بۆ بەرەوپێشبردنی بەرژەوەندییەکانی گرووپەکە و رەتکردنەوەی داواکارییە رەواکانی حکوومەت بۆ چەککردنی ئەو گرووپە و رێزگرتن لە سەروەریی دەوڵەت.
لەم چوارچێوەیەدا سزاکان ئەم کەسانەی گرتووەتەوە:
محەممەد عەبدولموتەڵیب فەنیش: سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری حزبوڵڵا دەکات و بەرپرسیارە لە دووبارە رێکخستنەوەی پێکهاتەی کارگێڕی و دامەزراوەیی گرووپەکە بۆ پاراستنی بوونی چەکداریی لە لوبنان. ناوبراو پێشتر پەرلەمانتار و وەزیری لاوان و وەرزش بووە.
حەسەن نیزامەدین فەزڵوڵڵا: لە ساڵی 2005ـەوە وەک پەرلەمانتار نوێنەرایەتی حزبوڵڵا دەکات، هەروەها رۆڵی هەبووە لە دامەزراندنی رادیۆی (نوور) و بەڕێوەبەری باڵای کەناڵی (مەنار) بووە کە هەردووکیان لەلایەن ئەمریکاوە سزادراون.
ئیبراهیم مووسەوی: بەرپرسێکی دێرینی حزبوڵڵایە، ئێستا سەرۆکی لیژنەی راگەیاندنی حزبوڵڵایە و یەکێکە لە پەرلەمانتارانی ئەو گرووپە.
حوسێن حاجی حەسەن: لە ساڵی 1982ـەوە ئەندامی حزبوڵڵایە و لە ساڵی 1996ـەوە پەرلەمانتارە. ناوبراو یەکێکە لە کەسایەتییە دیارەکانی دژ بە چەککردنی گرووپەکە.
هاوبەشییە ئەمنی و سیاسییەکانی حزبوڵڵا.
هەروەها سزاکان ژمارەیەک بەرپرسی دەرەوەی حزبوڵڵاشیان گرتووەتەوە کە هاوکاریی ئەو گرووپەیان کردووە، لەوانە:
محەمەد رەزا شەیبانی: کاندید بۆ پۆستی باڵیۆزی ئێران لە لوبنان، کە وەزارەتی دەرەوەی لوبنان بە کەسێکی (نەخوازراو)ی ناساند و فەرمانی پێکرد بەیرووت جێبهێڵێت، ئەمەش بەهۆی پێشێلکردنی نەریتە دیپلۆماسییەکان و ئەو رێکارانەی کە ناوبراو بۆ پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو دەوڵەت بە کاری دەهێنا.
ئەحمەد ئەسعەد بەعلبەکی: بەڕێوەبەری ئاسایشی بزووتنەوەی ئەمەل، کە هاوپەیمانێکی سیاسی و ئەمنیی حزبوڵڵایە و هەماهەنگی بۆ نمایشە هێزەکان دژی نەیارانی سیاسی کردووە.
عەلی ئەحمەد سەفەوی: فەرماندەی میلیشیای ئەمەل لە باشووری لوبنان، کە هەماهەنگی و رێنمایی لە حزبوڵڵاوە وەرگرتووە بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل.
عەمید خەتتار ناسر ئەلدین: سەرۆکی بەشی ئاسایشی نیشتمانی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی لوبنان.
عەقید سەمیر حەمادی: سەرۆکی لقی زاحیەی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی سوپای لوبنان،ئەم دوو ئەفسەرە باڵایەی لوبنان بەهۆی پێدانی زانیاریی هەواڵگریی گرنگ بە حزبوڵڵا لە ماوەی جەنگی ساڵی رابردوودا خراونەتە لیستی سزاکانەوە.
بە پێی راگەیەنراوەکەی گەنجینەی ئەمریکا، لە دەرئەنجامی ئەم بڕیارەی ئەمڕۆدا، سەرجەم موڵک و ماڵ و بەرژەوەندییەکانی ئەو کەسانەی لە سەرەوە ئاماژەیان پێکراوە، کە دەکەونە ناو خاکی ئەمریکا یان لەژێر دەسەڵاتی هاووڵاتییانی ئەمریکادان، بلۆک دەکرێن.